پەرلەمانتارێک قەرزەکانی شاسوار عەبدولواحید ئاشکرا دەکات

كۆمپانیاكان 700 ملیار دینار قەزداری حكوومەتن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات، كۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی ناوخۆ، نزیكە 700 ملیار دینار قەرزداری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن، لەناویشیاندا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ بە تەنیا 42 ملیار دینار قەرزداری حكوومەتە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵانی رابردوو حكوومەت لەپێناو بوژانەوە، حكوومەتی ھەرێم بڕێك پارەی داوە بە ھەندێك كۆمپانیا و وەبەرھێنەر، بەڵام دوای چەندین ساڵ تائێستا پارەكەیان نەداوەتەوە حكوومەت".

ئاشكراشی كرد: "بڕی پارەكە نزیكە 700 ملیار دینارە، بڕە زۆرەكەی لای شاسوار عەبدولواحیدە كە 42 ملیار دینارە، دەبێ پارەكە بۆ حكوومەت بگەڕێنێتەوە".

گوتیشی: "ئێستا شاسوار عەبدولواحید كە سەرۆكی حزبێك و باسی گەندەڵی و چاكسازی دەكات، سەرەتا پێویستە خۆی قەرزەكەی حكوومەت بداتەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت بتوانێ بەو كەلێنێكی دیكە بەو بڕە پارەیە پڕ بكاتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان زۆر باس لەوە دەكەن كە ئاگاداری داھاتی حكوومەت و وردەكارییەكان نییە، دەتوانن راپۆرتێك ئاراستەی حكوومەت بكەن بۆ ئەوەی وردەكارییەكان بزانن ئەوە ئاساییە، بەڵام پێشتر دەبێ كەموكوڕییەكانی خۆیان چاكبكەن ئینجا باسی شتەكانی دیكە بكەن و قەرزەكان بدەنەوە حكوومەت".

راشیگەیاند: "وەك لیژنەی دارایی لە پەرلەمان كۆبوونەوەمان كردووە و لەگەڵ حكوومەت میكانیزمێك دادەنێین بۆ وەرگرتنەوەی پارە لەو كۆمپانیا و بازرگانانە".