سزادراوێكی دادگای دهۆك له‌ سلێمانی ده‌ستگیركرا

له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ به‌ بێ ئاماده‌بوونی خۆی، دوو ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌

K24 – سلێمانی:

له‌ سلێمانی تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیركرا، كه‌ پێشتر له‌ دهۆك له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ به‌ بێ ئاماده‌بوونی خۆی، دوو ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

به‌شی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، مەفرزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار شەش تۆمەتباریان دەستگیركرد كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە سزای دووساڵ زیندانی بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی(حكم غیابی) لە دادگای دهۆكەوە هەبووە و پێنج تۆمەتبارەكەی تریش تەقەیان کردووە.

راشیگه‌یاند، دوای ئەوەی وێنەیەك لە بڕیاری سزای تۆمەتبار (ش. أ.ع ) لەلایەن دادگای دهۆكەوە گەیشتە دەست بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بنكەی پۆلیسی سەرچنار راسپێردرا بەدەستگیركردنی تۆمەتبار.

هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لە 15ی 6ی 2019 تۆمەتباری ناوبراو لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیربكرێت كە سزای دووساڵ زیندانی بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی لەدادگای دهۆكەوە هەبووە بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی.

له‌ باره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانی دیكه‌وه‌ پۆلیس باسی له‌وه‌شكردووه‌، شەوی 28ی 6ی 2019 كاتژمێر 2ی شەو پێنج تۆمەتبار لە سنوری گەڕەكی سەرچنار تەقەیان كردووەو ئاژاوەیان دروستكردووە، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیسی سەرچنار شوێنی تۆمەتباران كەوتن و تۆمەتباران هەڵاتن.

هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران دەستپێكردوو مەفرزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار توانییان كاتژمێر 4و30 خولەكی هەمان شەو سەرجەم تۆمەتباران دەستگیربكەن و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر بەندن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێكردووە.