داوای هەڵگرتنی تاوەرەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لەسەر باڵەخانەکان دەکرێت

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بڕیاری دا تاوەرەکانی تایبەت بە ئینتەرنێت لەسەر خانوو و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون ھەڵگیرێن، چونکە شەپۆلی ئەو تاوەرانە سیمایەکی ناشارستانیان بە شارەکان بەخشیوە و مەترسیی لەسەر تەندروستیی ھاووڵاتیان دروست دەکەن، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە ئەوان کار بەو بڕیارە بکەن و لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

لە دوای بڕیاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی عێراق بۆ لابردنی تاوەرەکانی تایبەت بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل لەسەر خانوو و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی رەتی دەکاتەوە، له‌ هه‌رێمی كوردستان کار بەو بڕیارە بکرێت.

ژمارەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان کە بە سیستمی وای فای کار دەکەن، نزیکەی 50 کۆمپانیان، ھاوکات نزیکەی 10 کۆمپانیای دیکەش بە سیستمی وای ماسک کار دەکەن، زۆرینەی تاوەری ھەموو ئەو کۆمپانیایانەش لەناو سەنتەری شارەکان و لەسەر خانوو و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون جێگیر کراون.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، داوا لە خاوەن کۆمپانیاکان کراوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ماوەی سێ رۆژدا، بورجەکانی ئینتەرنێت لەسەر باڵەخانە و خانووی ھاووڵاتیان لاببەن، چونکە شەپۆلی تۆڕی ئەو بورجانە کاردانەوەی خراپی لەسەر تەندروستیی ھاووڵاتیان بە تایبەت منداڵان ھەیە و سیمایەکی ناشارستانیشی بە شار و شارۆچکەکان بەخشیوە.

ھ.م