"شوفێرێك بەھۆی لادان لە كامێرای ھاتووچۆ تووشی رووداو بوو"

خۆی كێشاوە بە دوو ئۆتۆمبێلی دیكە

K24 - گەرمیان

لە دەڤەری گەرمیان شوفێرێك لەو كاتەی دەیەوێت لە كامێرای چاودێری لابدات تووشی رووداوی ھاتووچۆ دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لەسەر رێگای کەلار ناحیەی - رزگاری شوفێری ئۆتۆمبێلێک بۆ خۆلادان لە کامێرای هاتووچۆ کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و زیان بە سێ ئۆتۆمبێلی دیكەش دەگەیەنێت.

ھاتووچۆی گەرمیان روونیكردەوە: "شەوی رابردوو لەسەر رێگای کەلار - ناحیەی رزگاری ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنترا کە خێرای زیاد بووە، دوای ئەوەی شوفێرەکە ویستویەتی خۆی لە کامێرای هاتووچۆ رزگار بکات کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دوو ئۆتۆمبێلی دیكە لە جۆری شۆفرلێت ئۆپترا و نیسان سەنی زیانیشی بە ئۆتۆمبێلی کامێرای هاتووچۆ گەیاندووە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە تیمی هاتووچۆی ناحیەی رزگاری لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەست پێکردوە، جگە لەزیانی مادی زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە".

ھ.م