سووریا مووشەکباران کرایەوە

دیمەشق لەلایەن چەند مووشەکێک کرایە ئامانج

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی سانای فەرمی حكومەتی سووریا بڵاویكردەوە، سیستمی بەرگری ئاسمانی حكومەتی سووریا ژمارەیەك مووشەكی نەیارانی لە ئاسمانی دیمەشق خستووەتە خوارەوە کە ئامانجیان فڕۆکەخانەی دیمەشق بووە.

حكومەتی سووریا، ئیسرائیل بە ئاراستەكردنی ئەو مووشەكانە تۆمەتبار دەكات و وا بڵاوكراوەتەوە كە یەكێك لە مووشەكەكان كۆگایەكی لە دەوروبەری دیمەشق كردووەتە ئامانج و "ھیچ زیانێكی گیانی نەبووە".

لەلایەكی دیكەوە، روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ئەو مووشەكانە ژمارەیەك شوێنیان لە دیمەشق كردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەكان بكات.

پێشتر ئیسرائیل لەبارەی پێگەکانی ئێران لە سووریا رایگەیاندبوو، ئەوان هەرکاتێک بیانەوێت هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئێران لە سووریا چونکە بە مەترسی بۆخۆیانی دەزانن. ئێرانیش دەڵێت، تاران لەسەر داوای دیمەشق هێزی ناردووە و بوونی هێزەکانیان نایاسایی نین.

دیمەشق 11/12/2019

H.J