تونێلی پیرمام دەكرێتەوە
K24 - ھەولێر
نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە كوردستان24ی راگەیاند، ناوەڕاستی مانگی 3ی ئەمساڵ تونێلی پیرمام شەقڵاوە دەكرێتەوە و بە كردنەوەی ئەم تونێلە ئاسانكارییەكی زۆر بۆ شوفێر و گەشتیاران دەكات، چونكە ھەولێر بە شەقڵاوە دەبەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: "وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشتر پێشنیارمان كردبوو كە پەلە لە تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە بكرێت، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ ھاتووچۆی گەشتیار و ھاووڵاتیان بكرێت".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكراشی كرد: "ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، لە ساڵی 2018 زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە، ھەروەھا بەپێی ئەو پلانەی وەزارەت و دەستەی گەشتوگوزار توانرا لە ھەرچوار وەرز گەشتیار بێنینە ھەرێمی كوردستان، ئومێد دەكەین ئەمساڵ رێژەی ھاتنی گەشتیاران زیاتر بێت".
ھ.م