خۆشەویستی کوڕێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و کچە قوتابییەک دەنگدانەوەی جیهانی دروست کردووە

پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە و بێ یەک ناحەوێنەوە

K24 – هه‌ولێر:

کچێکی ئاسایی و کوڕێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کەوتوونەتەوە داوی خۆشەویستییەکی کەم وێنە و لە گرتە ڤیدیۆیەکدا پەیامێک بۆ گشت جیهان دەنێرن.

شەین بورکاو تەمەنی 26 ساڵە و لە منداڵیەوە دووچاری نەخۆشییەکی تایبەت بە ماسوولکەکانی مێشک بە ناوی Spinal Muscular Atrophy  بووە و لە تەمەنی دوو ساڵیەوە لەسەر کورسییە.

سێ ساڵ لەمەوبەر، هانا ئیلواردی تەمەن 25 ساڵ کاتێک دۆکیومێنتەرییەک لەسەر ژیانی شەین دەبینێت، پەیوەندی پێوە دەکات و دواتر پەیوەندییەکی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت.

هانا کە قوتابییە لە زانکۆی کارلێتۆن لە شاری نۆرسفیڵدی ویلایەتی مینیسۆتا، لەبارەی پەیوەندییەکەی دەڵێت: " ئیمەیلێکم بۆ نارد کاتێک بینیم ئەو نووسەرە و باس لە حاڵەتەکەی بەشێوەیەکی تەنزئامێز دەکات، یەکسەر گووتم من دەبێت ئەم کەسە بناسم".

دەشڵێت: "هەرگیز لەبیری ناکەم چۆن بە نامەکان دڵم خێرا لێی دەدا و هەستێکی تایبەتم هەبوو".

هانا دوای قسەکردن لە رێگای ئینتەرنێت لەگەڵ شەین، بڕیار دەدات سەردانی شەین بکات لە ویلایەتی پێنسلڤانیا و لەوێ چوار رۆژ پێکەوە دەمێننەوە، دواتر پەیوەندییەکی مەودا درێژ دروست دەکەن.

ئێستا ئەو دوو خۆشەویستە لە رێگای ئینتەرنێت پەیامی ئەوە بڵاودەکەونەوە کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کەسانی ئاسایی نییە و دەکرێت ژیانێکی ئاسوودە لەگەڵیان ببرێتە سەر، کەناڵەکانیشیان سەدان هەزار بینەری هەیە.

سەرچاوە: Daili Mail

H.J