لوتكەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت

كۆبوونەوەی ناتۆ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت

K24 - لەندەن

بە بەشداری 29 سەرکردەو شاژنی بەریتانیا  کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی سەرکردەکانی ناتۆ لە لەندەن بەرێوەدەچێت.

ئەمڕۆ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داھاتووی رێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور ناسراو بە (ناتۆ) کۆبوونەوەی گشتی ئەمساڵی رێکخراوەکە لە لەندەن دەستیپێكرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

یەکەم کۆبوونەوەش لوتکەی ناتۆ لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و یەنس ستولنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ ئەنجامدرا.

رێکخراوی ناتۆ، گەورەترین رێکخراوی سەربازی یە لە جیھاندا، بەرگری لە زیاتر یەک ملیار ھاووڵاتی لە 29 وڵاتی ئەندام لەناتۆ دەکات.

سەرکردەکانی ناتۆ لە زۆرێک پرسەکانی جیھان ناکۆکن و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، بەتایبەت لەسەر ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە سووریا و ھەڕەشەکانی رووسیا بۆسەر رۆژھەڵاتی ئەوروپا و بودجەی تەرخانکراوی وڵاتان بۆ رێکخراوەکە و چەندین پرسی دیكە.

ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە سەرکردەکان یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ دەکەنەوە و بڕیاریشە ئێوارە خوانێک لەلایەن شاژنە ئیلیزابێزی دووەم شاژنی بەریتانیا بۆ سەرکردەکانی ناتۆ رێکبخرێت.

پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەندام لەناتۆ رێکخراوەکەی وەکو مێشکێکی مردوو لەقەڵەمدا و دواتر رەجەب تەیەب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا وەڵامی توندی ماکرۆنی دایەوەو رایگەیاند "مێشکی ماکرۆن مردوو"، ئەمە وایکردووە  گرژییەکان زیاتر ئاڵۆزبێت لەناو ئەندامانی ناتۆدا.

بوونی ھێزە کوردییەکان لە سووریا و بەتایبەت یەپەگە کە لەلایەن تورکیاوە بەھێزێکی تیرۆرێستی ناوی دەھێنرێت، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی تر وەکو ھاوپەیمان لەدژی داعش ناویان دەھێنرێت، یەکێکی تر دەبێت لەو پرسانەی چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان وڵاتانی ئەمەریکا و تورکیا و فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بەریتانیا لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی گفتوگۆی لەسەر بکەن.