ئەردۆغان و زەریف پەیام بۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بڵاودەکەنەوە
K24 – ههولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێک بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بڵاودەکەنەوە.
سەرۆکی تورکیا لە تویتێکیدا و بە بۆنەی 31هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، دەڵێت: "پێش 31 ساڵ، ھەزاران کەسی سڤیل لە ئەنجامی ھێرشی چەکی کیمیایی، گیانیان لە دەست دا و ئەم برینەش تاکو ئێستا لە ویژدانەکان جێگەی خۆی پاراستووە".
لە تویتەکەدا هاتووە: "داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە بۆ ئەو برا کوردانەمان دەکەم، کە لە کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجە گیانیان لە دەست دا و پەڵەیەکی رەشە لە مێژووی مرۆڤایەتی".
هەر لە رێگای تویتەرەوە، جهواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی لەبارەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە: "سەرەتا رەتیاندەکردەوە کە روویدابێت، دواتر ئێرانیان بە هۆکارەکەی زانی. کاتێک روون بووەوە کە هاوپەیمانێکی خۆیانە و چەکی کیمیایی خۆیانی بەکارهێناوە، بێ دەنگ بوون".
زەیف دەڵێت: "رەنگە رۆژئاوا حەز بکات کارەساتەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لەبیر بکات، بەڵام نە ئێمە و نە برا کوردەکانمان ئەوە ناکەین".
H.J