ههدهپه: بۆ دۆڕاندنی ئاكپارتی له ئهستهنبوڵ كار دهكهین
K24 – ههولێر:
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، پەروین بوڵدان سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی گەورەشاری ئیستانبوڵ لە 23ی حوزەیران رایگەیاند: "ئامادەکاریمان كردووه. تا 23ی حوزەیران هەموومان لێرەین. پەرلەمانتارەکانمان، ئەندامانی سەرکردایەتی، هەموومان. لە ئیستانبوڵ کاردەکەین، تەنها بۆئەوەی ئاکەپە لە ئیستانبوڵ بیدۆڕێنێت و هێزە دیموکراسییەکان بیبەنەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکەی هەدەپە، پەروین بوڵدان لەگەڵ ئەندامانی پلاتفۆرمی رێکخراوەکانی رۆژهەڵات و باكووری كوردستان کۆبووهتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی هەدەپە گووتەیەکی پێشکەشکردووە و باسی لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی گەورەشاری ئیستانبوڵ کردووە کە لە 23ی حوزەیراندا بەڕێوەدەچێت.
لهو میانهیهدا پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە پرسەکە لە رکابەرێتی نێوان کاندیدی ئاک پارتی، بن عهلی یهڵدرم و کاندیدی جەهەپە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تێپەڕی کردووە.
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ هاتنی 23ی حوزەیران و گوتی: "پاراستنی سندوقەکان، مانەوە لەسەر سندوقەکان، ئاگاداربوون لە دەنگەکانمان و دەنگدانیش گرنگە. لێرەوە تکا دەکەم لە هەموو هاوشارییەکان و هاوڕێیانمان با کەس نەچێتە پشوو. ئەوانەی کە چوونەتە ئیدر، مووش، وان، قەرس، هەکاری، باتمان، ماردین و دیاربەکر تکایە بگەڕێنەوە. رۆژ رۆژی بردنەوە و سەرکەوتنە. هەموومان واژوو لەسەر ئەم سەرکەوتنە دەکەین و خۆشەویستمان سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە زیندان دەهێنینە دەرەوە. هەڵبژاردنی 23ی حوزەیران هۆکارە بۆ دەرکردنی هاوڕێیانمان لە زیندان".