گرفتێكی دیكە یەخەی توركیا دەگرێت
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی سەباحی توركیا، ئامارە فەرمییەكانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ لە توركیا دەریدەخات كە ئاوی یەدەگكراو لە بەنداوەكانی ئیستانبوڵ بەرێژەی 38.79%ـە كە ئەوەش تەنیا بەشی 100 رۆژ دەكات.
لەو بارەیەوە شارەزایان ئاماژەیان بەوەداوە كە داكەوتنی ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی ئیستانبوڵ، مەترسی ئەوەی دروستكردووە ئەگەر بێت و ئاستی ئاوەكە لە داكەوتن بەردەوام بێت، ئەوە ئەو شارە و چەندین شاری دیكەی توركیا رووبەڕووی وشكایی دەبنەوە و ھۆكاری داكەوتنی ئاستی ئاو بۆ گۆڕانی كەشوھەوا و كەمی بارانبارین دەگەڕێنێتەوە، ھاوكات زۆربوونی دانیشتووان لە ئیستانبوڵ بە ھۆكارێكی دیكە قوڵتربوونی ئەو كێشەیە دەبینن
ئەمە لەكاتێكدایە لە ئیستانبوڵ 7 بەنداو و چەندین دەریا بوونیان ھەیە و توانای یەدەگكردنی ئاوێكن دەگاتە 868 ملیۆن مەترس سێجا.
ھ.م