قەرغیزستان 70 منداڵی چەکدارانی داعش لە عێراق وەردەگرێتەوە

گفتوگۆ لەگەڵ سووریاش كراوە

K24 - ھەولێر

حكوومەتی قەرغیزستان 70 منداڵی چەکدارانی داعش لە عێراق وەردەگرێتەوە و بۆ ھەمان مەبەست گفتوگۆی لەگەڵ سووریاش كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی قەرغیزستان بڵاویکردەوە، بە وردی کار لەسەر دۆسێی گەڕاندنەوەی منداڵ و خێزانەکانی داعش لە عێراق و سووریا دەکرێت، بەڵام بڕیار وایە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا، نزیکەی 70 منداڵی چەکدارە قەرغیزستانی نێو داعش لە عێراق، بگەیەندرێنەوە وڵاتەکەیان.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، بابەتەکە تەنیا وەرگرتنەوەی منداڵانی چەکداران نییە، بەڵکو نیشتەجێکردنیانە لە ماڵەکانیان و جارێکی دیکە تێکەڵکردنەوەیانە بە کۆمەڵگا.

سەبارەت بە سووریاش، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، گفتوگۆ لەگەڵ دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کراوە، بەڵام هەندێک ناوچە لە بندەستی حکوومەتی ئەو وڵاتەدا نییە، بۆیە کاری زیاتری دەوێت.

ھ.م