لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم لە ھێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان نیگەرانن

"شه‌ڕ له‌ سووریا كێشه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لایەنە سیاسییەكان لە ھەرێمی كوردستان، دژی ئۆپەراسیۆنی توركیان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و داوا دەكەن كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

جه‌عفه‌ر ئیمینكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان له‌ وەڵامی كوردستان24 رایگەیاند "هه‌میشه‌ دژی ئۆپەراسیۆنی له‌شكرین، جا له‌لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ بێت، هیوایشی خواست توركیا له‌ ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌ و رێگه‌ی دیالۆگ بگرێته‌به‌ر".

ھەر پەیوەست بە ھێرشەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نیگه‌رانی خۆیی ده‌ربڕی و ده‌ڵێ: "دوای ئه‌و هه‌موو كۆبوونه‌وانەی جنێڤ و ئاستانه‌، پرۆسه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێتەوە خاڵی سه‌ره‌تا و به‌مه‌ش كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ رووده‌دات".

ھ.م