جۆزێف ڤۆتێل: پێویسته‌ له‌ جاران زیاتر پاڵپشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین

"ململانێیەکی ئاڵۆز لە ئارادیە"
kurdistan24.net

K24- ئه‌مه‌ریكا:

ئەفسەرە پله‌ باڵاکانی هێزەکانی ئەمەریکا و فەرماندەکانی هەواڵگری داوا له‌ سەرکردایەتی وڵاته‌كه‌یان دەکەن، رێگه‌ نه‌دات ڕوداوەکانی عیراق زیاتر تەشەنەبکەن و بۆ هەمو لایەکیش ئاشکرا بکرێت، کە پاڵپشتیکردنی ئه‌مه‌ریكا بۆ هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەهێزمانەوەی پێگەكه‌یەتی لە ناوچەکەدا.

شارەزایانی سەربازیی و هەواڵگریی ئەمەریکی لەبارەی ڕوداوەکانی عیراق و ناوچەکە به‌ گشتی لەهەوڵی ئەوەدان، تێروانین و بۆچوونەکانیان بە بەرپرسە باڵاکانی وڵات بگەیەنن، بە جۆرێك کە باوەڕی ئەوان وایە، ئەمەریکا دەبێ ڕۆڵێك ببینێت و رێگه‌ نه‌دات وڵاتانی دیكه‌ ڕەوشی عیراق و ناوچەکە بۆ لێدانی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و هاوپه‌یمانه‌كانی بقۆزنه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ژه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی پێشوی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "دەبێ لە جاران زیاتر پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی پێگەكه‌ی لەناوچەکەدا بەهێزتر بێ".

بەشێک لە فەرماندە کانی سەربازی و هەواڵگری باوەڕیان وایە، کێشەیەك لەناو سەرکردە سیاسیەکانی ئەمەریکا هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە ئاماژەکانی ئەم ڕووداوانە بەباشی ناخوێننەوە کە ئێستا لە عیراق و دەوروبەری ڕوودەدەن، بۆیە گرنگە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا بزانن، کە ململانێیەکی ئاڵۆز لە ئارادیە و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە.

لە واشنتۆن زۆربەی شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە و چاودێران لە خەمی ئەوەدان هەڵوێستەکانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی لەهەمبەر ڕووداوەکانی عیراق و ناوچەکە تەنیا لە چوارچێوەی پەیام و بەیاننامە بمێننەوە ، بەبڕوای ئەوان کاتی هاتوە ئەمەریکا هەنگاوی کرداریی و مەیدانی بنێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی و سەقامگیری بگەڕێنەوە لە ناوچەکەدا.

H.B