قەرەباڵغی تەنگی بە شۆفێرانی بەغدا ھەڵچنیوە

ھاتووچۆی بەغدا لە حكوومەت بێ ھیوایە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

قەرەباڵغی و پەکەوتنی بەشێک لە شەقامەکانی بەغدای پایتەخت نیگەرانی لای شۆفێران و ھاووڵاتیان دروستکردووە، بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی بەغداش بێ ھیوایە لەوەی کە حکوومەت چارەسەری کێشەی سیستمی ھاتووچۆ بکات، چونکە شەقامەکانی بەغدا توانای 400 ھەزار ئۆتۆمبێلی ھەیە، بەڵام زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 ھەزار ھاووڵاتی ئۆتۆمبێلیان ھەیە، بۆیە سەر لە نوێ پێویستە تەواوی سیستمی گواستنەوە رێکبخرێتەوە.

شەقامەکانی بەغدا لە ژێر گەرمای مانگی تەمموز و ئاب، کە زۆر جار پلەی گەرما لە سەروی 50 پلە سیلیزیەوەیە تادێت قەرەباڵغتر و پەنگاوتر دەبن، ریزی ئۆتۆمبێلەکانی بە مەودای چاو درێژ دەبنەوە، سیستمی ھاتووچۆ پەکیکەوتووە، پۆلیسی ھاتووچۆش بارودۆخەکەی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت، ھەموو ئەمانە شۆفێران و ھاووڵاتیانی نیگەران کردووە، چونکە زۆر جار ئەوانەی فەرمانبەر ، فریای دەوام ناکەون و چەند کاتژمێرێک لە ترافیککەکان دەمێننەوە.

ھیشام وەسیم، یەكێكە لە شۆفێرەكانی تەكسی لەناو شاری بەغدا و بە كوردستان24ی گوت: "قەرەباڵغی بە جۆرێکە ھەموو شەقامەکان پەنگی خواردوە، لەگەڵ ئەوەش ھێزە ئەمنییەکان بازگەیان داناوە، ئەو بازگانە نە خەڵک دەپشکنن نە سوودی ئەمنی ھەیە، تەنھا قەرەباڵغیەکە زیاتر دەکەن، ھەر بە گشتی ئەم قەرەباڵغیانە زۆر ئازارمان دەدات رۆژانە، ھەرچەنە ئەم حکوومەتە تازە تۆزێک باشترە کە بەشێک لە ناوچەی خەزرای کردوەتەوە و بەشێک لە کۆنکرێتیەکانی لابردوە".

جیا لەوەی رۆژانە لە شارەکانی دیكەوە ھەزاران ئۆتۆمبێل روو دەکەنە بەغدا، ھاوکات زیاتر لە ملیۆن و 800 ھەزار ھاووڵاتی ئۆتۆمبێلیان ھەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەقامەکانی بەغدا توانای ھەیە 400 ھەزار ئۆتۆمبێل لە خۆ بگرێت، پۆلیسی ھاتووچۆش بێ ھیوای لەوەی کە حکوومەت چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، چونکە دەبێت تەواوی سیستمی ھاتووچۆ بە شەقامەکانەوە بگۆڕێت، سیستمی میترۆ و تەکسی دەریایی و پاسی نێوان گەڕەکەکان بخرێنەوە کار و رێک بخرێنەوە.

عەمار وەلید، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی گشتی ھاتووچۆی بەغدا بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەغدا پێویستی بە پڕۆژەی زۆرە بە تایبەت شەقامی سەرەکی بە چواردەوری شار، ئێمە پڕۆژە پێشنیازی زۆرمان بە حکوومەت داوە، ئەگەر نیوەی جێبەجێبکرێت ئەوە شەقامەکان گوشاریان لەسەر کەم دەبێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی ملیۆن و 800 ھەزار ئۆتۆمبێل لە بەغدا ھەیە، سیستمی ھاتووچۆش 400 تا 500 ھەزار ئۆتۆمبێل زیاتر لە خۆناگرێت، واتا بەغدا دوو ھێندەی توانای خۆی ئۆتۆمبێلی تیایە کە ئەمەش قەرەباڵغی دروستکردووە".

حکوومەتی عێراق بە مەبەستی چاکسازی لە سیستمی ھاوتوچۆ، ماوەیەکە ھەڵمەتی لابردنی بەربەرستە کۆنکرێتیەکان و کردنەوەی بەشێک لە ناوچەی خەزرا و زۆربەی بازگەکانی نێوان گەڕەکەکان و خستنە کاری بەشێک لە ترافیکلایتەکانی دەستپێکردووە، بەڵام ھێشتا ئەمە نەبووەتە ھۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە شەقامەکانی بەغدا.

ھ.م