شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران له دیمه‌شقه‌وه گه‌یشته به‌غدا
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی مه‌عاریفی ئیسرائیلی، به‌هۆی بۆمببارانكردنی پێگه‌كانی ئێران له سووریا، تاران زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه، هه‌ر بۆیه بڕیاریداوه هێز و پێگه‌ی خۆی بگوازێته‌وه بۆ عێراق، به‌ڵام ئیسرائیل ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئێرانی ئاشكرا كردووه و هه‌مان به‌رنامه‌ی دژی تاران په‌یڕه‌و كردووه له عێراق و هێرشی كردووه‌ته سه‌ر كۆگا و جبه‌خانه‌كانی ئێران له عێراق".
رۆژنامه‌كه نوسیوویه‌تی: "جبه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له خوارووی به‌غدا ته‌قێنرایه‌وه، به‌ڵام ھێشتا جبه‌خانه و كۆگای زۆرتری چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی ماون".
رۆژنامه‌ی مه‌عاریف ده‌ڵێت: "ئه‌و بنكه سه‌ربازییه‌ی كرایه ئامانج سه‌ر به سوپای عێراقه، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی به‌كرێی گرتووه، ئه‌و هێرشه‌ش چواره‌م یان پێنجه‌م هێرش بووه دژی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌نجامدراوه، چه‌ند رۆژێك پێش هێرشه‌كه‌ش وه‌زیری به‌رگریی ئێران گوتوویه‌تی، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆماری ئیسلامی ئێرانه و تاران رێگه به‌هیچ كه‌سێك نادات عێراق بكاته سووریا، به‌ڵینیشیداوه توانا به‌رگرییه‌كانی عێراق و به‌رگریی ئاسمانی ئه‌و وڵاته باش بكات تا رێگه له هێرشی فڕۆكه‌كان بگرن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و وه‌زیره ئێرانییه كه ناڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ستی ئیسرائیل بووه بڕیارده‌رانی ئیسرائیلی نه‌ترساندووه له‌وه‌ی هێرشه‌كه ئه‌نجام بده‌ن، ته‌نانه‌ت گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕیاره‌ی عێراق خه‌ریكه وه‌ك سووریای لێدێت و هێزه بیانییه‌كان ده‌توانن به به‌رنامه هێرش بكه‌نه سه‌ری و بزانن له‌وێ چی رووده‌دات. ئاژانسه هه‌واڵگرییه‌كانی رۆژئاواش پێیانوایه سه‌ركه‌وتنی ئۆپراسیۆنه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل دژی ئیران له سووریا، هانده‌ر بووه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌لئه‌ڤیڤ تاكوو به‌غداش هه‌مان هه‌نگاو بنێن".
رۆژنامه‌كه نوسیوویه‌تی: "هێرشكردنه سه‌ر خاكی سووریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بووه به‌هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێڕه‌وی قاچاخچێتی چه‌ك له‌نێوان تاران بۆ به‌یروت، له عێراقیش به‌هه‌مان شێوه‌یه، ئامانجی هێرشه‌كان رێگه‌گرتنه له دروستكردنی بنكه‌ی مووشه‌كی كه له توانایدایه زیان له ئیسرائیل بدات له خاكی عێراقه‌وه، ئێستاش ئه‌و پرسیاره دروستبووه ئایا كه‌ی ئێرانییه‌كان وه‌ڵامی ھێرشه‌كانی ئیسرائیل ده‌داته‌وه و فه‌رمان به رێكخراوێكی چه‌كداریی سه‌ر به تاران ده‌ده‌ن هێرش بكاته سه‌ر ته‌لئه‌ڤیڤ؟".
به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه و خه‌مڵاندنی رۆژنامه عیبرییه‌كه "سعوودیه و ئیمارات له رابردوودا داوایان له واشنتن كردووه گورز نه‌سره‌وێنێته ئێران ، له‌وه ترساون تاران كاردانه‌وه‌ی توندی سه‌ربازیی هه‌بێت و بازنه‌ی هێرشه‌كانی دوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كه‌نداویش بگرێته‌وه، پێده‌چێت ته‌لئه‌ڤیڤـیش به‌شداریی له‌و داواكارییه كردبێت و داوایان له دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردبێت و به‌و رێگایه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕینی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ كردبێت كاتێك ده‌یویست فه‌رمانی هێرشكردنه سه‌ر تاران ده‌ربكات".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل به‌م دواییانه گوتوویه‌تی، ئیسرائیل تاكه ده‌وڵه‌ته له جیهاندا هه‌موو ساڵێك ئێرانییه‌كان ده‌كوژێت، سه‌دان جار شكستمان به ئێرانییه‌كان هێناوه له سووریا، خۆشیان هه‌ندێك جار دانیان به‌و راستییه‌دا ناوه، هه‌ندێك جاریش رۆژنامه بیانییه‌كان هێرشه‌كانیان ئاشكراكردووه، به‌ڵام هه‌مووی سیاسه‌تێكی رێكخراوه، پێشمانوانییه ئێران به‌رپه‌رچی ئیسرائیل بداته‌وه، ئێران سنوورداره له وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رووی توانای سه‌ربازییه‌وه هه‌ژارن، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌زانن ئیسرائیل چه‌نده جددییه له‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌سته به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه".