لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، محەمەد رەوانەی فەرەنسا دەكرێت

K24 - هه‌ولێر:

محەمەد حەمید، منداڵە بریندارەكەی رۆژئاوای كوردستان لە دھۆكەوە بە ھێلیكۆپتەری دژەتیرۆری كوردستان گواسترایەوە ھەولێر و له‌سه‌ر راسپارده‌ی سەرۆك مەسعود بارزانی ئه‌مڕۆ بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتی فەرەنسا ده‌كرێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا محەمەد بە ھێلیكۆپتەری دژەتیرۆری كوردستان لە دھۆكەوە گواسترایەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و لەوێشەوە بەرەو فەرەنسا بەڕێدەكرێت، كە بە ھەوڵی سەرۆك بارزانی لە وڵاتی فەرەنسا چارەسەری بۆ دەكرێت".

حەمید، باوكی محەمەد بە كوردستان24ی گوت: "سەرۆك بارزانی بۆ ھەواڵپرسین و چارەسەری محەمەد پەیوەندیی پێوەكردم و زۆر سوپاسگوزاری سەرۆك بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمی كوردستانم".

گوتیشی: "پێش دەستپێكردنی شەڕ كوڕەكە قوتابی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی بوو".

محەمەد حەمید، لە 18/10/2019، لە ئەنجامی بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان برینداربوو، گومانی ئەوەی لێدەکرێت بە چەکی قەدەغەکراو لە رۆژئاوای کوردستان بریندارکرابێت، لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانیش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. دوای رووداوەكە محەمەد لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی-یەوە بۆ چارەسەر گواسترایەوە نەخۆشخانەیەك لە دھۆك.