چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی نهێنی له‌باره‌ی پلانه‌كانی توركیا له سووریا ئاشكرا ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "نۆردیك مۆنیتۆر" چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی نهێنی له‌سه‌ر هه‌واڵگه‌ری توركیا ئاشكرا ده‌كات، كه پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه، ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری توركیا به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی چه‌كداری توندڕه‌وی له ده‌روازه سنوورییه‌كانه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ ناو خاكی سووریا، بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌ری زیاتریان هه‌بێت بۆ خۆشكردنی ئاگری ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و وڵاته.
به‌گوێره‌ی ئه‌و پێگه ئه‌لیكترۆنییه، به‌ڵگه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، "ئه‌و پرۆسه نهێنییه‌ی به‌ر له 4 ساڵ ئه‌نجامدرا، دوای ئه‌وه ئاشكرا بووه، كه یه‌كینه‌كانی پۆلیسی ناوخۆی توركیا شۆفێری دوو پاسی نه‌فه‌رهه‌ڵگریان بانگهێشت كردبوو، كه كاتی خۆی چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانیان له خاڵێكی سنووری بۆ خاڵێكی دیكه گواستبوویانه‌وه".
یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ی دزه‌یانپێكراوه و له ساڵی 2014 واژووی ئیسماعیل حه‌قی مو‌سا، جێگری سه‌رۆكی هه‌واڵگه‌ری توركیای له‌سه‌ره، كه ئێستا پۆستی باڵیۆزی توركیا له فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه ده‌بات، ئاشكرایده‌كات، "پرسی گواستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان به "نهێنی ده‌وڵه‌ت" داده‌نرێت".
به‌ڵگه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، " شه‌وی 9/1/ 2014 ئه‌و چه‌كدارانه له‌ڕێگه‌ی پاسی گه‌وره‌وه له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری توركیا كه به "میت" ناسراوه، له سنوور په‌ڕێندراونه‌ته‌وه".
زانیارییه‌كانی ناو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، "پاسه‌كان له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی شارۆچكه‌ی ئاكجاكلی توركیاوه په‌ڕیونه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ بكرێت، دواتر كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یان چه‌كداره‌كان به چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازییه‌وه له‌ناو خاكی سووریا دابه‌زیون و پاسه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناو توركیا".
رۆژی دواتریش پۆلیسی ناوخۆی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند، "شه‌وی رابردوو 2 پاس له شوێنێكی حه‌سانه‌وه له‌سه‌ر شه‌قامی خێرا وه‌ستابوون، كه له به‌قاچاغبردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر تێوه‌گلاون".
به‌گوته‌ی به‌یاننامه‌كه، "دواتر هێزه ئه‌منییه‌كان پشكنینیان بۆ 2 پاسه‌كه كردووه، به‌ڵام هیچیان تێدا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌جاتی مادده‌ی هۆشبه‌ر 40 سندوق گوللـه دۆشكه‌یان له‌ناویان دۆزیوه‌ته‌وه".
به‌ڵگه‌كه ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، "هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ریه‌ك له شاهین گۆفینمێزی 37 ساڵی و ئیسات لوتفی 48 ساڵی، شۆفێرانی پاسه‌كان و میهراك ساری 42 ساڵی، خاوه‌ن كۆمپانیای پاسه‌كانی ده‌ستگیر كردووه".
له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان، ده‌ستگیركراوان دانیان به‌وه‌دا ناوه، كه پاسه‌كانیان له‌لایه‌ن ده‌زگای "میت"ـه‌وه به‌كرێ گیرابوون و ئاماژه‌ییان به‌وه داوه، "پێشتریش چه‌ندین جار كاری هاوشێوه‌یان ئه‌نجامداوه".
یه‌كێك له ده‌ستگیركراوان گوتوویه‌تی: "ئێمه پێداویستی سه‌ربازی و چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانمان ده‌گواسته‌وه بۆ سه‌ربازگه‌یه‌ك له ناو خاكی سووریا، كه له‌لایه‌ن گروپێكی توندڕه‌وه‌وه به‌ڕێوه‌دبرا"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئێمه هه‌ڵه نه‌بووین، چونكه ئێمه به‌رامبه‌ر به وڵاته‌كه‌مان ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كرد".
به‌گوێره‌ی دانپێدانانه‌كانی ده‌ستگیركراوان، "هه‌واڵگه‌ری توركیا نزیكه‌ی 72 چه‌كداری توندڕه‌وی گواستووه‌ته‌وه بۆ سنووری سووریا، بۆئه‌وه‌ی له‌وێ یارمه‌تی گروپه توندڕه‌وه‌كان بده‌ن".
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "نۆردیك مۆنیتۆر" ئاشكراشیكرد، "مسته‌فا سارلی، ئه‌و داواكاره گشتییه بوو كه سه‌رپه‌رستی لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌یسه‌ی ده‌كرد و فه‌رمانی پشكنینی رووپێوی "مه‌یدانی" بۆ ئه‌و شوێنانه ده‌ركردبوو، كه چه‌ند چه‌كدارێك لێی ده‌ستگیركرابوون، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی نادیار ئه‌و كه‌یسه‌یان لێ سه‌نده‌وه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "وادیاره حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردوغان بیری له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه كه داواكاری گشتی ده‌ست له‌و كه‌یسه هه‌ڵناگرێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵگانه، كه تێوه‌گلانی هه‌واڵگه‌ری توركیا پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه".
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "نۆردیك مۆنیتۆر" له كۆتایی راپۆرته‌كه‌یدا باسی ئه‌وه ده‌كات، "كۆمالی تۆلۆ، داواكاری گشتی نوێ له كه‌یسه‌كه، شكستی به‌و كه‌یسه هێنا و به‌په‌له ئه‌و دۆسیه‌ی داخست، كه له 28ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014 له دژی ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری توركیا كرابووه‌وه".
ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌م نییه، كه تێیدا تۆمه‌تی گواستنه‌وه و پێدانی چه‌ك به چه‌كداری توندڕه‌و ده‌خرێته پاڵ هه‌واڵگه‌ری توركیا، پێشتریش رۆژنامه‌ی "جمهوریه‌ت"ـی لۆكاڵی چه‌ندین وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆیی و راپۆرتێكی بڵاوكردبووه‌وه، كه ئاشكرایانكردبوو، "به‌رپرسانی هه‌واڵگه‌ری كارئاسانی بۆ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و چه‌كداران له‌ڕێگه‌ی پاسه‌وه بۆ ناو خاكی سووریا ده‌كه‌ن".
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه و ڤیدیۆ و راپۆرتانه‌ش، حكوومه‌تی توركیا به پاساوی جیاواز ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسان كرد و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به سه‌دان میدیاكاری خسته زیندانه‌وه.
H.B