گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەستپێدەكاتەوە

ھەرێمی كوردستان 3 بژاردە دەخاتە بەردەم عێراق
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بریاردەری لێژنەی دارایی ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەبارەی بودجە و نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێدەکەنەوە و پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکان هەیە، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش 3 بژاردە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 ئاشکرا دەکات.

له‌كاتێكدا بریاربوو ناوەراستی مانگی رابردوو پرۆژە بودجەی 2020 عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام خۆپیشاندانەکان رێگربوون لە ناردنی پرۆژەکە جگە لەمە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغداشی لەبارەی بودجە دواخست، تا ئێستا دیار نییە کەی پرۆژە بودجە دەنێردرێتە پەرلەمان، چونكه‌ حکوومەتی به‌غدا بە داواکاری خۆپیشاندانەکانەوە سەرقاڵە لەگەڵ هەولێریش نەگەشتووەتە رێککەوتن. له‌مباره‌شه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەڵێت: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان دەست پێدەکەنەوە.

هەولێر ئامادەیە سەرجەم کێشەکانی لە گەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە، بە تایبەت پرۆژە بودجەی 2020، له‌ ماوه‌ی رابردووشدا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتنی هەردوولاش، زیاد جه‌بار، سه‌رۆكی لێژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: 3 بژارده‌ هەیە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان.

خۆپیشاندانەکانی عێراق جگە لە راگرتنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بووەتە هۆی دواخستنی پرۆژە بودجەی 2020, هەردوولاش لە هەوڵدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ کۆتايی ئەم ساڵ لەسەر بودجە و نەوت بگەنە رێککەوتن، بە تایبەت هەولێر ئامادەیە لە چوارچێوەی دەستوور رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات.

H.B