شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گەیشتە باكووری كوردستان

"ئەمەریكا و توركیا ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام دەكەن"

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی دروستكردنی ژووری ھاوبەش لەنێوان ئەمەریكا و توركیا،  سەبارەت بە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) شاندێكی 6 كەسی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گەیشتە توركیا و سەردانی شاری ئورفای باكووری كوردستانیان كرد.

به‌گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری توركیا، کارەکان بۆ دروستکردنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش تایبەت بە ناوچەی ئارام کە پلانی دروستکردنی داڕێژراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا لە باکووری سووریا، دەستی بەکارەکان کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەچوارچێوەی کارەکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش سەبارەت بە ناوچەی ئارام، گرووپێکی 6 کەسی شاندی ئەمەریکی گەیشتنە ئورفا. پلان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نرێت له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بكه‌وێته‌ گه‌ڕ".

ئەمە لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا ھێزی زیاتری رەوانەی سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان كردووە. لە پەیامێكیشدا بەبۆنەی جەژنی قوربان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: "توركیا لەم مانگەی ئەمساڵدا سەركەوتنی نوێ و مێژوویی بە دەست دێنێت".

ھ.م