سه‌رۆك بارزانی: رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕشه‌كانی داعش ئه‌ركێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌

به‌رده‌وامی هه‌ڕشه‌كانی داعش خرایه‌ به‌رباس

H.B

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی و مارتین وار، كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشیان تاوتوێ كرد و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاته‌كان كرایه‌وه‌.

لە دیدارەكەدا، کونسوڵی گشتیی بریتانیا لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند, بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم هاتووە, تا سوپاسگوزاریی خۆی پێشکەش بە سەرۆك بارزانی بکات و خۆشحاڵیی خۆی بە ماوەی کارکردنی لە هەرێم ڕاگەیاند و ستایشی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی کرد, کە لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەدی کردووە.

هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت.

سەرۆك بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بریتانیای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.

هەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.

هه‌روه‌ك باسی بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە کرا و جەخت کرایەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەرکێکی هەمەلایەنەیە.

لە بەشیکی دیکەی دیدارەکەدا پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم خرایە بەرباس.

H.B