بکوژی ئاڤان دەستگیرکرا
K24 – ههولێر:
بکوژی ئاڤان نەجمەدین، ئەو ژنە کوردەی لە بەریتانیا لە ماڵەکەی کوژرا، دەستگیرکرا و بەگوێرەی دانپێدانانەکەی لە دادگا، خەڵکی ئێرانە و تەمەنی 35 ساڵە.
ئاڤانی تەمەن 32 ساڵ خاوەنی چوار کوڕبووە و تەمەنی کوڕەکانیشی لە نێوان 4 بۆ 11 ساڵانبوون، دوای ئەوەی دوو لە منداڵەکانی لە قوتابخانە تەواو دەبن و کەس ناچێت بەشوێنیاندا، مەترسی ئەوە دروست دەبێت کە ئاڤان شتێکی بەسەر هاتبێت. دواتر دەزاندرێت ئەو دایکە لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و بکوژەکەشی هەڵهاتووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی سەنی بەریتانی: "بکوژەکە خەڵکی ئێرانە و ناوی دانا عەبدوڵڵایە و لە دادگای شاری ستافۆردشیر دانی بەتاوانەکەیدا ناوە. هەروەها ئەو کەسانەشی بەتۆمەتی کوشتنی ئاڤان پێشتر دەستگیرکرابوون، ئازادکراون".
دراوسێکانی ئاڤان دەڵێن، ماوەی دوو مانگە ئەو کچە کوردەی هەرێمی کوردستان و منداڵەکانی هاتوونەتە ئەو خانووە تازەیە و لەم دوو مانگەش سەرقاڵی گۆڕینی دیکۆری ماڵەکەی بووە.
ژنە دراوسێیەکی لە وەسفی ئاڤان دەڵێت: "ئەو زۆر باشبوو، هەمیشە کاری لە ماڵەکەیدا دەکرد و کوڕەکانیشی لە باخچەکە یارییان دەکرد".
ئەو ژنە دەشڵێت: "هەرگیز کێشەمان لەگەڵی نەبووە، هەرگیزیش دەنگی بەرز و شتی نیگەرانکەرمان لێنەبینووە. ئێستا من بیر لەو چوار کوڕە هەژارە دەکەمەوە کە دایکیان لەدەستداوە".
H.J