خاوه‌ن كارگه‌كانی بیناسازی داوای پاڵپشتی زیاتر له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن
K24 - ھەولێر
خاوه‌ن كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی لە ھەرێمی كوردستان، داوا ده‌كه‌ن حكوومه‌ت پاڵپشتی زیاتریان بكەن و رێگری له‌به‌رهەمی هاورده‌كراو بگرێت، ھەروەھا دڵنیایی ئه‌وەش دە‌ده‌ن كه به كوالێتیه‌كی باشتر پێداویستی ناوخۆ پڕده‌كه‌نه‌وه، ده‌سته‌ی وه‌بەر‌هێنان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به نووسراو سه‌رجه‌م وه‌به‌رهێن و به‌ڵێندانیان ئاگادار كردووەته‌وه، كه ده‌بێت پشت به كه‌ره‌سته و بەر‌هه‌می ناوخۆ ببه‌سترێت و به پێچه‌وانه‌وه رێگا نادرێت له دەر‌وازه سنورییه‌كانه‌وه ئه‌و به‌رهه‌مانەی كه له ناوخۆدا بوونی هه‌یه بێتە ھەرێمی كوردستانەوە.
له‌گه‌ڵ فراوان بوونی شاره‌كان، ژماره‌ی باڵەخانه‌كانیش له‌زیاد بووندایه، به‌جۆرێك به‌شێكی زۆری كه‌رەسته‌ی بیناسازی هاورده‌كراوی وڵاتانی دراوسێن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه سه‌دان كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و كه‌ره‌ستا‌نه له‌ناوخۆ هه‌یه، و خاوه‌ن كارگه ناوخۆییه‌كانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌گه‌ر پاڵپشتی ته‌واو بكرێن، ئه‌وا نه‌ك پێداویستی ناوخۆ به‌ڵكو پێداویستی به‌شێكی زۆری پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقیش پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازی گرنگ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ناوچه‌كه‌دا، هاوكات ناوچه‌یه‌كی له‌بار‌یشه بۆ دروستكردنی ئه‌و به‌رهه‌ما‌نه، ئێستاش زیاتر له هه‌زار كارگه‌ی جۆراوجۆری كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی له‌كوردستاندا هه‌یه و خاوه‌ن كارگه‌كانیش دڵنیایی ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی كه ده‌توانن پێداویستی ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه و دوای پاڵپشتی زیاتریش له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن تاوه‌كو رێگه له به‌رهه‌می هاورده بگرن.
ھ.م