عادل عه‌بدولمه‌هدی: نابێت رووداوه‌كه‌ی دوێنێی كه‌ربه‌لا دووباره ببێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاند، له نزیكه‌وه چاودێری رووداوه‌كه‌ی كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ین و به‌رپرسان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان راسپاردووه چی پێویسته بیكه‌ن بۆ رێگرتن له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، عادل عه‌بدولمه‌هدی پرسه و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی زیاره‌تكارانی شیعه و كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه كرد، كه دوێنێ له ئه‌نجامی درووستبوونی فشار و پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ریان گیانیان له‌ده‌ستدا.
سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق راشیگه‌یاندووه، هه‌موو لایه‌نه به‌رپرس و په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه به ده‌م پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به یادی عاشووراوه بچن و رێگر بن له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه و گیان و ژیانی زیاره‌تكارانی شیعه و حوسێنییه‌كان بپارێزن.
وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراق رایگه‌یاند، دوێنێ له ئه‌نجامی درووستبوونی پاڵه‌په‌ستۆ و فشاری زۆر له ناو ریزی زیاره‌تكارانی كه‌ربه‌لا 31 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به ده‌یانی دیكه بریندار بوون.