چارەنووسی زێڕ لە 2020دا به‌م جۆره‌ ده‌بێت

چی بەسەر دێت

K24 – هه‌ولێر:

لە ساڵی 2019 چەندین فاکتەر پاڵپشتیان لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کرد، بە تایبەت ئەو رووبەڕووبوونەوە بەهێزانەی لە بازاڕەکان روویاندا و وەبەرهێنەرانی ناچار کرد روو لەو کاڵایانە بکەن وەک پەناگەی ئارام بەکاردەهێنرێن. بەڵام پرسیار ئەوەیە چارەنووسی ئەو کانزا زەردە چی بەسەر دێت؟

چاوەکان لەسەر ئاراستەی زێڕە لە ساڵی 2020، هەر یەکە لە بانکەکانی گۆڵدمان ساکس و یو بی ئێس و ئەی جی پێیان وایە ئاڕاستەی زێڕ بۆ ئاستی هەزار 600 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک هەنگاو دەنێت کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 2013ـەوە.

هەروەها زێڕ بەرەو بەرزترین بەرزبوونەوەی ساڵانە هەنگاو دەنێت کە لەساڵی 2010ـەوە تۆماری نەکردووە. هاوکات فاکتەرێکی دیکە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ هەبوو دابەزاندنی سوودی بانکی بوو لە لایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە کە سێ جار لەمساڵدا دایبەزاند،  ئەوەش پاڵپشتی لەو سەرچاوانە کرد کە وەک پێگەی ئارام پشتیان پێ دەبەسترێت، بەڵام لە بەرامبەردا پشکەکانی جیهان لە دۆخی گەشانەوە دان، و ئەوەش بە روونی لەبازاڕەکانی ئەمریکا دەبیندرێن، ئەو دوو فاکتەرەش ناڕوونییەکان لەسەر چارەنووسی نرخی زێڕ زیاتر دەکات، بە جۆرێک کارکردنی بانکە ناوەندییەکان لە ساڵی 2020 دیارنییە.

روس کۆیسترێش، لە سندووقی بلاک رۆکی جیهانی دەڵێت، "تا ئێستا گەشەی ئابووری، و تێکرای هەڵاوسان و بانکە ناوەندییەکان ئاراستەکان دیاری دەکەن، بۆ نموونە لەم ژینگەیەدا هەر شۆکێک کاریگەری بکاتە سەر پشکەکان، وەک مەترسییەکان لە گەشەی ئابووری و فاکتەرە جیۆسیاسییەکان، ئەوا بە پێچەوانەوە پێگەی زێڕ بەهێز دەکات.

بەوەش دڵەڕاوکێ جیۆسیاسیەکان و مەترسییە ئابوورییەکان بۆ ساڵی 2020 بەردەوام دەبێت، هەر وەک لەمساڵدا بینرا، ئەوەش پاڵپشت دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، هاوکات ئەگەری هەیە چین و ئەمریکا لە رێککەوتنی نێوانیان نزیک ببنەوە، بەڵام هەڕەشەکانی ئەمریکا بە سەپاندنی پێناسی گومرگی و خاڵە ناکۆکییەکانی نێوانیان ئەگەرەکان بە هەڵکشانی ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.

فاکتەرێکی دیکەی سەر نرخی زێڕ چاوەڕوانییەکانە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەوڵەکان بۆ لە کار دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپە لە ئێستادا.

هاوکات لێدوانە دژ بە یەکەکانی سەرۆکی ئەمریکا بازاڕی زێڕی شڵەژاندووە، بۆ نموونە لە لووتکەی ناتۆ ترەمپ گووتی: بۆ رێککەوتنی بازرگانی دەبێت تا دوای 2020 چاوەڕێ بکەین بەوەش نرخی زێڕ بۆ سەرووی هەزار و 480 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، پێنوێنی داوجۆنز داڕما. بەڵام رۆژی دواتر ئیدارەی ترەمپ هەوڵیدا ئاراستەی بازاڕ چاکبکاتەوە بۆ ئەوەش لە رێگەی هەندێک زانیاری دزە پێکراو بۆ بلوومبێرگ رایگەیاند، لە رێککەوتنی بازرگانیان لەگەڵ چین نزیکن.

جیۆڤانی ستۆنۆتۆ شرۆڤەکاری کاڵاکان لە یو بی ئێس دەڵێت: هەر کاتێک دەزانین هەنگاوی داهاتوو ترەمپ چی دەکات، ئەوا بە هەڵوێستێکی دیکەی جیاواز لە پێشووی شۆک دەبین. هاوکات بازاڕ لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا، بۆیە پێشبینی هەڵگەڕانەوەی دیکە و ناڕوونی لە بازاڕکان دەکەن.

لە کاتێکدا نرخی زێڕ بەهۆی جەنگی بازرگانی ئێستای نێوان ئەمریکا و چین بەرزبووەتەوە، بازاڕ لە دۆخێکی نا سروشتیدایە، بەوەش خواست لەسەر پەناگە ئارامەکان لە زیادبوونە. کرۆکی پرسیار ئەوەیە تا کەی نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە. بۆیە شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ بە رێژەی 5 بۆ 8 لە سەدا بەرزبێتەوە، بە پێچەوانەشەوە گەشەی پشکەکان لە بازاڕەکاندا بە‌هێزی پێگەی زێڕ کەمبکاتەوە.