زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆ نایابەكانی ھەڵەبجە دووبارە دەكرێتەوە

تائێستا ھیچ تابلۆیەك نەفرۆشراوە

K24 - ھەڵەبجە

زیادکردنی ئاشکرا بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلی  ژمارە (1) تاوەكو (9)ی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامدرا.  لەم زیادکردنەدا هیچ ژمارەیەك نەفرۆشران و ئەوانەی داواکاریان پێشکەش کردبوو بۆ کڕینی تابلۆكان، گرانی نرخەکانیان بەهۆکاری نەفرۆشتنی ژمارەکان زانی و پێیان وایە ئەو نرخە بۆ ئێستا زۆرە. پارێزگاری ھەڵەبجەش رایدەگەیەنێت زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆكان دووبارە دەكرێتەوە.

رێوڕەسمی زیادکردنی ئاشكرا بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە بەڕێوە چوو، بەڵام هیچ کام لە تابلۆکان لەم زیادکردنەدا نەفرۆشران، یەکێک لەو کەسانەی کە داواکاری پێشکەش کردبوو بۆ کڕینی تابلۆی ژمارە (1) گرانی نرخەکەی بەهۆکاری نەفرۆشرانی تابلۆکان دەزانێت.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە کە خۆی سەرپەرشتی لیژنەی زیادکردنەکە دەکات دەڵێت "لە 15 رۆژی داهاتوودا  زیادکردنەکە دوبارە دەکرێتەوەو داواکارین لەوانەی خوازیاری بەشداری کردنن سەرجەم رێکارە یاساییەکان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو تابلۆیەی دەیانەوێت بەدەستی بهێنن".

ھ.م