لەبارەی دوورخستنەوەی قوتابییە باڵاپۆشەکە روونکردنەوە دەدرێت

لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان هۆکاری خستنە دواوەی کچە قوتابییەک ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لیژنەى رێکخستنى مەراسیمى راگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆ و وێنەیەک هاتە دەنگ و روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکدا هاتووە: "بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو، کەوتوونەتە تەقەو پڕوپاگەندەى ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکى مەراسیمەکە کە گوایە "قوتابییەکى باڵاپۆش" خراوەتە دواوە".

لیژنەکە لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "بۆ بەرچاوڕوونى هەمووان رایدەگەیێنین کە بردنە دواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە رێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ریزبەندى،  داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕێزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ریزی دووەم".

لیژنەى رێکخستنى مەراسیمى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان روونی دەکاتەوە: "ئەگەر ئێمە هەر نیەتێکى دیکەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەکرد".

لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤیدیۆی خستنە دواوەی قوتابییەکی باڵاپۆش بڵاوکرایەوە و هەندێک لە هاووڵاتیان رەخنەیان لە بەرپرسان بۆ دوورخستنەوەی ئەو قوتابییە بەهۆی جلوبەرگەکەی گرت، بەڵام بەرپرسانی مەراسیمەکە، ئەو لێکدانەوەیە بە تەواوی رەت دەکەنەوە.

دەقی روونکردنەوەی لیژنەى ڕێکخستنى مەراسیمی راگەیاندنى ئەنجامى ئەزموونە گشتییەکان:

بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکى دیاریکراو، کەوتوونەتە تەقەو پڕوپاگەندەى ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکى مەراسیمەکە کە گوایە "قوتابییەکى باڵاپۆش" خراوەتە دواوە.

بۆ بەرچاوڕوونى هەمووان ڕایدەگەیێنین کە بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕێکخستنى یەکەم و دووەم و سێیەمەکانى ئاستى هەرێم و لە چوارچێوەى ڕیزبەندى،   داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕێزى دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستى دووەمى بە دەست هێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم. ئەگەر ئێمە هەر  نیەتێکى دیکەمان هەبوایە ئەوا هەر لە سەرەتاو بە مەرج بانگهێشتمان دەکرد.

ئەم پروپاگەندانە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى ئەو سەرکەوتنەى پڕۆسەى ئەزموونەکانى ئەمساڵ کە ئاستى دەرچوون بە بەراوردى ساڵى ڕابردوو، دوو بەرامبەرە.

ئێمە لە وەزارەتى پەروەردە لە ئەمڕۆوە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر هەر ناوزڕان و تەشهیرێک دەگرینەبەر و سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین.

H.J