ئاگادارییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌باوه‌ بۆ هاووڵاتیان

ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه‌ت له‌ پێوه‌ری كاره‌بای ماڵه‌كه‌ت به‌دی كرد سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی فرۆشتنی وزه‌ی كاره‌با بكه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، پشكنین بۆ پێوه‌ری كاره‌بای ماڵه‌كانیان بكه‌ن و سێ حاڵه‌تی ده‌ستنیشان كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ پێوه‌ره‌كه‌ به‌دیكرا، سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی فرۆشتنی وزه‌ی كاره‌با بكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ په‌یجی فه‌رمی وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر سێ حاڵه‌ته‌كه‌ی دیاریكردووه‌، ده‌ستكاریكردن و شكانی جام و ده‌ستكاری مۆره‌كانی كرابێت، یان بێ پێوه‌ر كاره‌با راكێشرابێت، یاخود كاره‌با له‌ ژێر پێوه‌ر راكێشرابێت، له‌ماوه‌ی 1/12/2019 تاكو 1/1/2020، سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی فرۆشتنی وزه‌ی كاره‌با بكه‌ن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی كاره‌با:

"ئاگادارى هاووڵاتیان دەکەینەوە کە پێوەرى کارەبایان بپشکنن و ئەگەر هەریەک لەم حاڵەتانەى خوارەوەى هەبوو سەردانى فەرمانگەى فرۆشتنى ووزەى کارەباى سنورەکەیان بکەن بە مەبەستى لابردنى حاڵەتەکان لە ماوەى 1/12/2019 تا 1/1/2020 کە دەبەخشرێن لە سزا و پێ بژاردن (غرامە) بە پێچەوانەوە دواى ئەو ماوەیە هەڵمەتێکى فراوانى بڕینى سەرپێچیەکانى سەر تۆڕەکانى کارەبا دەست پێ دەکات و هەریەکێک لەم حاڵەتانە لە پێوەرەکانیان ببینرێت لەلایەن تیمەکانەوە کارەباکەى دەبڕێت و ڕێکارى یاسایى بەرامبەر وەردەگیرێت و سزاى مادى توند دەدرێت.

حاڵەتەکان:

1- پێوەرى کارەبا دەستکارى کرابێت یاخود جـامەکەى شــکابێ یاخود مۆرى سەرەوە و خـــوارەوەى پێوەر دەستکارى کرابێت.

2- بێ پێوەر کارەبا ڕاکێشرابێت.

3- کارەبا لە ژێر پێوەر ڕاکێشرابێت.

خاڵى دووەم:

ئاگادارى ئەم هاوڵاتیانە دەکەینەوە کــە هەر پێکهاتەیەکیان (خانوو، بیرى ئـاو، کارگە... هتد) بە سەرپێچى (بێ مۆڵەت) دروست کردووە و دەیانەوێت کارەباى نیشتیمانى بۆ پێکهاتەکە ڕابکێشن، لە ماوەى نێوان 1/12/2019 تا 1/1/2020 سەردانى هۆبەى یاسایى لە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سنورەکەیان بکەن بە مەبەستى ئەنجامدانى ڕێکارە پێویستەکان، بە پێچەوانەوە دواى ئەو ماوە دیارى کراوە بە هیچ شێوەیەک کارەبا نادرێت بەم جۆرە پێکهاتانە کە بە سەرپێچى دروست کراون.

خاڵى سێیەم:

ئاگادارى هاوبەشانى کارەبا لە پۆلەکانى (کشتوکاڵى ، بازرگانى ، پیشەسازى) دەکەینەوە کە قەرزاى کرێ ى کارەبان بە زووترین کات سەردانى فەرمانگەکانى فرۆشتنى ووزەى کارەبا بکەن بە مەبەستى دانى قەرزەکانیان بە پێچەوانەوە لەلایەن تیمەکانى بڕینى کارەباوە کە لە ئێستادا هەڵمەتێکى فراوان دەستى پێ کردووە کارەباکەیان دەبڕێت."