بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە

ھێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نوێ تاوتوێ دەكرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی دەبەستێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتوون، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیرانی كابینەی نوێ، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ببەستێت.

كوردستان24 زانیویەتی، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە تاوتوێكردنی ھێڵە گشتییەكانی ئەو كارنامەیەی كە مەسرور بارزانی لە دوای سوێندخواردنی لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەشیكرد، ھەروەھا دەرفەت دەدرێتە وەزیرەكان تا پلانی سەرەتاییان بۆ كاركردنیان لە وەزارەتەكەیان پێشكەش بكەن و پلانی ستراتیژیی وەزارەتەكانیان بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئامادە بكەن. جگە لەوەش لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دەكرێت و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و كێشە ھەڵپەسێردراوەكان و كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێن.