خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان چاوەڕێی کابینەی نوێی حكوومەتن

لە ساڵی 2013 تا ئێستا ھیچ کەسی دیکە تۆمار نەکراوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زیاتر لە 20 ھەزار ھاووڵاتی، کە لە 2013 تا ئێستا بە ھۆکاری جیاجیا ئەندامێکی جەستەیان لە دەست داوە، لە چاوەڕوانیی پێکھێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن، تا وەک کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، کاریان بۆ بکرێت و ھەژمار بکرێن. وەك خۆیان باسی دەكەن، ئەو کەسانە ھیچ داھاتێکیان نییە و توانای کارکردنیشیان نییە، تا بەشی دەرمان و چارەسەر و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ھەزار کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت ھەیە، لە دوای پێداچوونەوەی لیژنەکانی تەندروستی بۆ رێژەی کەمئەندامیی ئەو کەسانە، ئێستا نزیکەی 80 ھەزار لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە مووچەیان ھەیەز جگە لەوە، لە ساڵی 2013 تا ئێستا، ھیچ کەسی دیکە تۆمار نەکراوە.

 لە کاتێکدا بە گوێرەی ئامارەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، نزیکەی 21 ھەزار ھاووڵاتیی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە چاوەڕوانیی ئەوەدان، لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بە یاسا کاریان بۆ بکرێت و وەک خاوەن پێداویستیی تایبەت ھەژمار بکرێن.

ھ.م