كەشناسی: بەفربارین سەنتەری پارێزگاكان دەگرێتەوە
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی لە سبەی رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێكی بەفربارین روو لە ھەرێمی كوردستان دەكات و ئەگەر ھەیە لەناو سەنتەری پارێزگاكانیش بەفر ببارێت.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "سبەی چوارشەممە بارستە ھەوایەكی ساردی جەمسەریی لەگەڵ بەفر و بارانبارین روو لە ھەرێمی كوردستان دەكات، پێشبینی دەكەین بەفر لە تەواوی ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری قەزا و ناحییەكانی ناوچە شاخاوییەكان ببارێت.ھەروەھا ئەگەری بارینی بەفر لە سەنتەری پارێزگاكانی دھۆك و سلێمانی ھەیە، بەمەش پلەكانی گەرما روو لە نزمبوونەوەیەكی بەرچاو دەكات و دەبێتە ھۆی دروستبوونی شەختە، بەتایبەتی لەكاتەكانی شەو و بەیانیاندا".
كەشناسی ھاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لە مەترسییەكانی تووشبوون بە رووداوی نەخوازراو و خلیسكان بەھۆی شەختەوە، بەتایبەتی لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی داھاتوودا.