لە سەدا 95ی كاڵاكانی بازارى ھەرێمی كوردستان ھاوردەكراون
K24 – ههولێر:
لە ھەرێمی كوردستان یاسای مافی بەكاربەر چەند ساڵێكە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، بەڵام تا ئێستا كار بەو یاسایە نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە سەدا 95ی كاڵاكانی بازارى ھەرێمی كوردستان ھاوردەكراون.
لهو بارهيهوه، راوێژكاری ئابووری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، زهكى فهتاح بۆ كوردستان24 باسى لەو مەترسییانە كرد، كە لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی ئەو یاسایە رووبەڕووی گەلی كوردستان دەبنهوه.
یاسای پاراستنی مافی بەكاربەر بووەتە یەكێك لە یاسا گرنگە ستراتیژییەكان بۆ پاراستنی گەلێك كە بتوانن بە رووی بازاری جیھاندا بكرێنەوە، گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی دووروودرێژە دوور لە وڵاتانی جیھان ژیاون و زۆر تێكەڵی گەلەكانی دیكە نەبوون، ھەر بۆیە بێ ئاگان لەو مەترسییانەی كە رەنگە لە بازاری ئازاددا بەسەریان بێت، ھۆكاری سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێژە زۆرەى كەلوپەل، كە لە دەرەوە دێتە ناو ھەرێمی كوردستانەوە، ھەر بۆیە دەبێت ھەموو ھەوڵێك بدرێت بۆ كاراپێكردنی ئەو یاساییە بۆ پاراستنی مافی كەسەكان بەو ئامانجەی بە كەمترین زیان دەربچن لەكاتی بازرگانیكردندا.
دیوانی چاودێری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاساکە لە بەشێکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پشتڕاست دەکاتەوە، کەچی لە ههرێمى کوردستان تا ئێستا رێچکەی کارکردنی بۆ دانەنراوە.
لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، چەندین یاسای جیاواز دەرکراون، بەڵام تا ئێستا هاوشێوەی یاسای مافی بهكاربهر بەو ئامانجەی بۆی دەرکراوە جێبەجێ نەکراوە و بەکاربەران هیوایان بە چاودێرییەکی باشی خولی ئەمجارەى پەرلەمان هەیە بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایانە.