مەلا بەختیار كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی جێھێشت

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی گرژی تێكەوت

K24 - سلێمانی

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كۆبووەنەوەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ دیاركردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گرژی تێكەوت و مەلا بەختیار، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی و بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوەكەیان جێهێشت.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "جانسی بەرھەم ساڵح زیاترە بۆ ئەوەی ببێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ھەر ئەوەش مەلا بەختیار و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی نیگەران كردووە".

كوردستان24 زانیویەتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی سەركردەكانی ئەو حزبە لەسەر دیاركردنی كاندید بۆ سەرۆك كۆماری عێراق بوونەتە دووبەرە و بەشێكیان پشتیوانی لە بەرھەم ساڵح دەكەن و بەشێكی دیكەش لە مەلا بەختیار.

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن بەرھەم ساڵح ببێتە كاندیدی حزبەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام بە مەرجێك بەرھەم ساڵح، بگەڕێتەوە ناو یەكێتی".

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەستیپێكرد، بەپێی زانییەكان ھەر یەك لە بەرھەم ساڵح و مەلا بەختیار، لە كۆبوونەوەكە بۆ ئەو پۆستە پێشنیازكراون، زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبەش لەگەڵ بەرھەم ساڵح بوونە، بە مەرجێك بگەڕێتەوە ناو ئەو حزبە. ئەمەش مەلا بەختیاری نیگەران كردووە و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو حزبە كۆبوونەوەكەیان جێھێشتووە.