هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور بۆچوونی جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

"نابێت هه‌مواری ده‌ستوور پێچه‌وانه‌ی خواستی كورد بێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

ئەندامێكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، ھەمووارکردنەوەی دەستوور بەپشت بەستن بە ماددەی ١٤٢ لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵام ئەگەر بە پيێ ماددەی ١٢٦ بێت، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگ ھەر گۆرانکاریەك لە دژی کورد رەت بکاتەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت: فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دژی ئەوەن گۆرانکاریەکانی دەستوور پێچەوانەی خواستەکانی گەلی کورد بێت.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئێستا بە پشت بەستن بە ماددەی ١٤٢ ی دەستوور کار لەسەر گۆڕینی ئەو دەستوورە دەکرێت، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە باشی نازانن، گۆڕانکاریەکان بە پێی ئەو ماددەیە بێت، چونکە لە ئەگەری گۆرانکاریەکان، زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەتوانێت رەتی بکاتەوە، بەڵام ئەوە ڤیتۆیە و بۆ یەك جار بەکار دێت، بەڵام ئەگەر بە پێی ماددەی ١٢٦ی ھەمان دەستوور بێت، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت بەر بە ھەر گۆرانکاریەك بگرێت، کە دژی مافەکانی گەلی کورد بێت.

لە بەرامبەر گۆرینی دەستوور و پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکانی گەلی کورد، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەکدەنگن، ئەو یەکدەنگیەش لەناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان رەنگی داوەتەوە، به‌ گوته‌ی لوقمان وەردی پەرلەمانتاری یەکێتیش، ئەگەر فراکسیۆنەکان بۆچوونی سیاسی جیاوازیشیان ھەبێت، بەڵام لە پرسە نیشتمانیەکان یەکدەنگن و دژی هه‌ر گۆرانکاریەکی دەستوورین، كه‌ پێچەوانەی خواستەکانی گەلی کورد بێت.

بە بریاری پەرلەمانی عێراق، لێژنەی ھەمووارکردنەوەی دەستوور بە پێی ماددەی ١٤٢ و برگەی 4، کارەکانی ئەنجامدەدات، لە ھەمانکاتدا بەپێی ماددەی ١٢٦ و برگەی ٤ دەتواندرێت گۆرانکاری لە دەستوور بکرێت، کورد پێی وایە گۆرانکاری بە پێی ماددەی ١٢٦ بکرێت باشترە، چونکە رێگە بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان نادات.

H.B