وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا باسی راپۆرتێكی ترسناكی تاوانه‌كانی توركیا له رۆژئاوای كوردستان ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به دووری ده‌زانێت به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی توركیا بۆ سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا و شه‌ڕكردن دژی شه‌ڕڤانه كورده‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له‌نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره روو بدات. له هه‌مان كاتدا باسی راپۆرتێكی مه‌ترسیدار ده‌كات له‌سه‌ر تاوانه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر به كورد.
ئێسپه‌ر له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی CNNـی ئه‌مه‌ریكی كه رۆژی سێشه‌ممه 22/10/2019 بڵاو كرایه‌وه، گوتوویه‌تی: "له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌مان له‌ناو ناتۆ شه‌ڕ ناكه‌ین، له ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریكاش نییه پابه‌ند بێت به پاراستنی كورده‌كان له هاوپه‌یمانێكی دێرینی واشنتن له‌ناو رێكخراوی ناتۆدا".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "واشنتن پێیوایه توركیا به‌رپرسه له ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ دژی كورده‌كان، ئه‌و راپۆرتانه‌مان بینیووه و چاودێریی ده‌كه‌ین، راپۆرتی ترسناك و تۆقێنه‌رن، ئه‌گه‌ر راستیی و دروستیی ئه‌و راپۆرتانه سه‌لمێنرا، ئه‌وه ده‌چێته چوارچێوه‌ی تاوانی جه‌نگه‌وه و من وه‌ك خۆشم گومانم له راستیی و دروستیی راپۆرته‌كان نییه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و له‌م هه‌فته‌یه‌دا مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستێكی توندی به‌رامبه‌ر ئه‌نقه‌ره راگه‌یاند و گوتی: "سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ ناخوازێت كێشه‌كان به رێگای سه‌ربازیی چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام ئاماده‌یه هێزی سه‌ربازیی دژی توركیا به‌كاربهێنێ به‌هۆی جموجۆڵه‌كانییه‌وه له سووریا".