بۆ دووه‌مجار ئاسایشی سلێمانی رێگری له‌ نمایشكردنی كورته‌ فیلمێك ده‌كات

به‌ ڤیدیۆ.. هێزێكی زۆری له‌ پاركی ئازادی جێگركردبوو و چه‌ند كه‌سێكیش ده‌ستگیركران
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

بڕیاربوو كاتژمێر 3ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، كورته‌ فیلمێكی تایبه‌ت به‌ ساكینه‌ جانسز، له‌سه‌ر سه‌كۆی پاركی ئازادی سلێمانی نمایش بكرێت، به‌و پێیه‌ی پێشتر نمایشكردنه‌كه‌ له‌ سینه‌ما سالمی شاره‌كه‌ رێگری لێكرا، به‌ڵام دووباره‌ ئاسایشی سلێمانی رێگه‌ی نه‌دا فیلمه‌كه‌ نمایش بكرێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ سلێمانی، بڕیار بوو كاتژمێر سێ فیلمه‌كه‌ نمایش بكرێت، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ژیانی ساكینه‌ جانسز، ئه‌و ژنه‌ چالاكوانه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، كه‌ له‌ كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2013 له‌ پاریس له‌گه‌ڵ دوو كچی دیكه‌ به‌ناوه‌كانی له‌یلا سۆیله‌مز و فیگان دۆغان تیرۆركران.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی كه‌ ده‌ست په‌یامنێری كوردستان 24 كه‌وتووه‌، ئاسایش بۆ رێگریكردن له‌ نمایشكردنی فیلمه‌كه‌، هێزێكی زۆری له‌ نزیك پاركه‌كه‌ جێگیركردووه‌ و دووباره‌ رێگه‌ی به‌ نمایشكردنی فیلمه‌كه‌ نه‌داوه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌یاند، ئاسایش چه‌ند كه‌سێكیشی ده‌ستگیركرد له‌ شوێنه‌كه‌، كه‌ لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ن و به‌رپرسانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی، كه‌ سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌یه‌، له‌ ریزی ده‌ستگیركراوانن.

قه‌ده‌غه‌كردنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ و داخستنی باره‌گاكانی نزیك له‌و حزبه‌ له‌ سلێمانی، په‌یوه‌ندی به‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ش بۆ چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانن.

ماوه‌یه‌كه‌ توركیا ئاسمانی خۆی به‌ رووی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی داخستووه‌، به‌هۆی شكستهێنانی كرده‌یه‌كی نهێنی دژی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی.

ئ. م