زانكۆكانی كوردستان دەیانەوێت بچنە ریزبەندی زانكۆ جیھانییەكان

زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان دیدارێكی ھاوبەشیان ئەنجام دەدەن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دیداری ھەلومەرجی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان لە ھەرێمی کوردستان و خاڵە ھاوبەشەکانی نێوانیان بەڕێوەچوو، سەرۆکانی بەشێک لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەڵێن، ئامانجێکی ھاوبەشیان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بچنە ریزبەندی زانکۆ جیھانیەکانەوە.

کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان کەرتێکی گرنگە بۆ پێشخستنی بواری زانستی و ئابووری، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھاوشانی زانکۆ حکومیەکان چەندین زانكۆی تایبەت ھەن، بۆ نزیک بوونەوەی زیاتری زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و چارەسەر کردنی گرفتەکان و دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش دیدارێک بۆ زانکۆکان رێکخرا. سەرۆكی یەكێك لە زانكۆكان دەڵێ "لە ماوەی رابردوو توێژینەوەیەکیان لە بازاڕی کاردا کردووەو چەند خاڵێکیان بۆ روون بووەتەوە کە چی پێویستە بۆ ھەلیکاری خوێندکاران.

مەبەستێکی دیکەی دیدارەکە بۆ ئەوە بوو کە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان پلانەکانیان رێکبخەن، سەرۆکی زانکۆی کۆمار دەڵێت "زانکۆ حکومی و تایبەتەکان یەک ئامانجی سەرەکیان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بچنە ریزبەندی زانکۆکانی جیھانەوە".

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆمەڵێک رێنمایی بۆ کاری زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەرکردووەو ئەوانیش لە سەر بنەمانی ئەو رێنماییانە کار دەکەن، خوێندکارانیش ھیواخوازن کە حکومەت لە داھاتوودا ھەلیکاریان بۆ بڕەخسێنێت و سوود لە توێژینەوەکانیان وەربگرێت.