بەھۆی كوژرانی خۆپیشاندەران پارێزگارێك دەستی لەكاركێشایەوە

"لە ماوەی 24 كاتژمێردا 45 كەس كوژراون"

K24 - ھەولێر

ژمارەی کوژراوانی خەڵکی خۆپیشاندەر لە شارەکانی ناسرییە، بەغدا، نەجەف و چەند شارێکی دیکەی عێراق لە ماوەی 24 كاتژمێردا گەیشتووەتە 45 کەس و پارێزگاری زیقاریش دەستی لەکارکێشایەوە.

دوای كوژرانی 30 خۆپیشاندەر بە دەستی هێزە ئەمنییەکان لە شاری ناسرییە، پارێزگاری زیقار عادل دوخەیلی دەستی لەکارکێشایەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەکانیش، ژمارەی کوژراوانی خەڵکی خۆپیشاندەر لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە شارەکانی ناسرییە، نەجەف، بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق گەیشتە 45 کەس.

هاوکات، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرایکرد، عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بڕیاریداوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ناسرییە و نەجەف پێکبهێنرێت.