توركیا هاوینه‌هه‌واری "ئاڤا مارك"ی شێلادزێ تۆپباران ده‌كات

زیان به‌ ئاوه‌دانی و دوكان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گه‌یشتووه‌

K24 - دهۆك:

تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا، ئه‌مڕۆ ئێواره‌، به‌ سه‌ختی هاوینه‌هه‌واری "ئاڤا مارك"یان له‌ ده‌ڤه‌ری رێكانی ناحیه‌ی شێلادزێ له‌ پارێزگای دهۆك بۆردومان كرد.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 9ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2018، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ دهۆك رایگه‌یاند، تۆپبارانه‌كه‌ زیانی به‌ ئاوه‌دانییه‌كانی نزیك شوێنه‌كه‌ و چه‌ند دوكانێكی هاوینه‌هه‌واره‌كه‌ و ئۆتۆمبیێلی هاووڵاتیانیش گه‌یاندووه‌، كه‌ بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری سه‌ردانی شوێنه‌كه‌یان كردووه‌.

به‌ بیانووی بوونی بنكه‌ و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) سوپای توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆردومانكردنی ئه‌و ناوچه‌ سنووریانه‌ و هه‌ندێكجاریش سنووری نزیك گونده‌كانیش بۆردومان ده‌كات.

ماوه‌یه‌كه‌ی شه‌ڕی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا له‌سه‌ر سنووری نێوان باشوور و باكووری كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ش هاووڵاتییانی نیشته‌جێی ئه‌و سنووره‌ زیانێكی زۆری ماددیان پێگه‌یشتووه‌، تا ئێستاش چه‌ندین هاووڵاتی له‌و سنوورانه‌ شه‌هید بوونه‌.

ناحیه‌ی شێلادزێ، به‌ دووری 100 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دهۆك.

ئ. م