ئه‌شكه‌وتێكی كوردستان نهێنی هه‌ره‌سهێنانی ئیمپراتۆری ئاشووری ئاشكرا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ئیمپراتۆری ئاشووری، به گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی مێژوو هه‌ژمار ده‌كرێت، (300) ساڵ به‌ر له‌وه‌ی به شێوه‌ی دراماتیكی هه‌ره‌س بهێنێت، فه‌رمانڕه‌وای ته‌واوی ناوچه‌كانی "خۆرهه‌ڵاتی نزیك" بوو.
ئیمپراتۆرییه‌كه، له ساڵی (912)ی پێش له‌دایكبوونی مه‌سیح له میزۆپۆتامیا سه‌ریهه‌ڵدا. له خۆرئاوایه‌وه، سه‌رێكی له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و میسر بوو، له خۆرهه‌ڵاتیشیه‌وه گه‌یشتبووه كه‌نداو و خۆرئاوای ئێران.
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ، ده‌ریخستووه، هۆكاری شكستی سه‌ره‌كی ئه‌و ئیمپراتۆریه گه‌وره‌یه‌ی مێژوو، كه‌شوهه‌وا بووه.
دوای مردنی پاشا "ئاشوور پانیپاڵ"، كه به "پادشای جیهان" ده‌ناسرا، له ده‌وروبه‌ری ساڵی (630)ـی پێش له‌دایكبوون، پاشان ده‌ستگرتن به‌سه‌ر شاری "نه‌ینه‌وا"ی گه‌وره‌دا له ساڵی (612)ـی پێش له‌دایكبوون له لایه‌ن بابلییه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه له ده‌وروبه‌ری كۆتایی سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش له‌دایكبوون، ئیدی ئیمپراتۆرییه‌كه به ته‌واوی هه‌ره‌سی هێنا.
باران ئیمپراتۆرییه‌كه‌ی مه‌زن كردبوو
شاره‌زایان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی گۆڕانكارییه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان به گۆڕانی كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه‌وه په‌یوه‌ست بوون. گۆڕانی ئاوهه‌وای شێداری ناوچه‌كه بۆ وشكه‌ساڵی و نه‌مانی داهات و به‌روبوومی دانه‌وێڵه هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ناوچوونی ئاشوورییه‌كان بووه.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا هاتووه: "نزیكه‌ی دوو سه‌ده باران و ئاوهه‌وا سازگار بووه بۆ كشتوكاڵ و ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری به‌رز بووه‌ته‌وه و به‌رهه‌م زۆر بووه، به تایبه‌تی دانه‌وێڵه. ئه‌مه‌ش وایكردووه، شارستانییه‌تی ئاشوورییه‌كان گه‌شه بكات، شاری نوێ درووست بكرێن. سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمراتۆرییه‌كه فراوان بێت. گه‌شه‌ی دانیشتوان خێراتر بێت. پێش ئه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وا له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش له‌دایكبوون بۆ وشك بگۆڕێ".
له‌و سه‌رده‌مدا، شه‌ڕوشۆڕ و ناكۆكی ناوخۆیی، بوونه هۆی شكستی سه‌ربازی ئیمپراتۆریه‌كه، به‌ڵام له هه‌موویان كاریگه‌رتر هۆكاری ئه‌و رووداوانه بوو، كه "به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی سنووری به‌رهه‌می دانه‌وێڵه و كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م بووه".
پرۆفیسۆر "نیكولاس پوستگیت"، شاره‌زای بواری مێژووی ئاشووری له زانكۆی "كامبریج"، ده‌ڵێت: "هیچ شیكردنه‌وه‌یه‌كی وردمان بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه نییه، كه ئاشوورییه‌كانی پێدا تێپه‌ڕین. نووسراوه‌كان زیاتر ئاماژه‌ن بۆ ده‌ورانی ساڵانی نێوان (645) بۆ (612)ی پێش له‌دایكبوون و شه‌ڕی كۆتایی نه‌ینه‌وایه".
"كونه‌با"
تیمێكی شاره‌زا، شیكاریان بۆ دوو پارچه به‌ردی كلسی نیشتووی ئه‌شكه‌وتی كونه‌بای شاخی گوڵان كردووه. له سه‌ر پارچه كلسییه‌كان دوو جۆر گه‌ردی جیاوازی ئۆكسجینیان ئاشكرا كردووه، كه به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاو له ناو ئه‌شكه‌وته‌كه چوونه‌ته ناو به‌رده كلسییه‌كان.
ئەشکەوتی کونەبا کەوتووه‌تە بناری شاخی گوڵان بە ڕووی دەربەندیخان و دەروازەی ئه‌شکەوتەکە بریتیە لە تەنیا رێگایەک و دوواتر دابەش بووە بۆ دوو رێگا بە ئاراستەی باکوور و باشوور و رێگەی باکوور درێژیيەکەی زیاترە و بریتیيە لە چەند رێگایەکی دابەش بوو.
ئەم ئەشکەوتە پێکهاتەیەکی سرووشتیيە، پێکهاتەی ناوەوەی بەرد و قسڵ و کلس و خۆڵە. لە ئەنجامی بوونی رادەی بەرزی شێ و ئاو، هه‌روه‌ها بوونى پێکهاتەیەکی بەردی کلسینی رووپۆش و هه‌بوونى مادده‌كانى جۆری ئەسکەلەتایت و مەگناتایت، رووپۆشی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی کردووە بە چینێکی میتالیکی جوانی درەوشاوەی ناوازە.
بەردە کلسینەکان کۆمەڵێکی رەنگاوڕەنگی جیاواز بە یەکن، بەپێی دابەشبووی جۆری رەنگی خۆڵەکان به ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا دابه‌ش بوون.
ئه‌م ئه‌شكه‌وته كتێبخانه‌یه‌كی زانستیی گه‌وره‌یه و مێژوی ملیۆنان ساڵی میزیۆپۆتامیا و ناوچه‌كه‌ی تێدا پارێزراوه. ئه‌و كریستاڵانه‌ی به‌هۆی تنۆكه ئاوه‌كانی ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌وه دروست بوون، شایه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌و وشكه‌ساڵی و سه‌رما و گه‌رما و خۆڵبارین و گۆڕانكارییه جیۆلۆجی و سه‌رده‌مه جیاوازانه‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه كه كوردستان و میزیۆپۆتامیا و جیهانی پێدا تێپه‌ڕیوه.
"كونه‌با" به‌پێی داتا‌و رووپێوییه ئاماده‌كراوه‌كان قوڵییه‌كه‌ی (676) مه‌تره و قوڵی ئه‌شكه‌وته‌كه له‌به‌شی لای راسته‌وه به‌شێوه‌یه‌كه كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه و تائێستا هیچ كه‌سێك نه‌گه‌یشتووه‌ته كۆتاییه‌كه‌ی. له‌ناو ئه‌م ئه‌شكه‌وته‌دا شوێنی وای تێدایه كه (30) مه‌تر ده‌چیته خواره‌وه پاشان ئاوێكی سازگار به‌دی ده‌كه‌یت كه له‌ده‌ریاچه‌یه‌كی گه‌وره ده‌چێت، ئه‌و ئاوه‌ی له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی له‌سه‌ر ده‌ڕوات و له‌ناو كونی به‌رده‌كانیشدا ئاوی تێدا ده‌وه‌ستێت، گه‌شتیاران ده‌توانن بۆ خواردنه‌وه سوودی لێ ببینن، كه له‌م ناوچه‌یه‌دا چلوره و كریستاڵه ره‌نگاڵه‌كان وه‌ك چلوره‌یه‌كی قامیشی درێژ هاتوونه‌ته خواره‌وه‌و هه‌ندێكیان له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه درێژبوونه‌ته‌وه، به‌شێكی دیكه‌ش له بنمیچه‌كه‌یه‌وه‌ه درێژبوونه‌ته‌وه، كه‌شێوه‌ی كریستاڵییه‌كه ده‌نه‌خشێنن. به‌ردی ناو ئه‌شكه‌وته‌كه ناوه زانستییه‌كه‌ی (ئه‌سته‌له‌كتایت‌و ته‌سته‌له‌كمایت)ه.
لایه‌نێكی دیكه‌ی سه‌رنجڕاكێشیی ئه‌شكه‌وتی كونه‌با، كه‌جیاوازه له‌زۆربه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كانی دیكه، ئه‌وه‌یه هیچ گیاندارێكی تێدا ناژی، كه بۆ ئه‌وه‌ش تائێستا هیچ توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك نه‌كراوه‌و هۆكاره‌كه‌شی نازانرێت.
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه
شاره‌زایان بۆیان ده‌ركه‌وتووه، ماده‌ی "ثوریۆم" له‌سه‌ر پێكهاته كلسییه‌كان نییه و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی (925) تا (550)ی پێش له‌دایكبوون و هه‌ردوو قۆناغه‌كه پیشانی ده‌دات، كه‌شوهه‌وا له‌بار و گونجاو بووه.
قۆناغی یه‌كه‌م تا ساڵی (725)ی پێش له‌دایبوون درێژده‌بێته‌وه و ئه‌و قۆناغه زۆر شێ‌دار بووه. تیمه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه له ماوه‌ی ساڵانی (850)ی پێش له‌دایكبوون تا (740)ـی پێش له‌دایكبوون زۆرترین باران باریوه و ئه‌و ماوه‌یه‌ش ئیمپراتۆری ئاشووری به‌رده‌وام رووی له گه‌شه و فراوانبوون بووه.
قۆناعی دووه‌می كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌ی سه‌ر به‌رده كلسییه‌كانی ئه‌شكه‌وتی "كونه‌با" له ساڵی (675)ـی پێش له‌دایكبوون تا (550)ـی پێش له‌دایكبوون درێژ ده‌بێته‌وه و ئه‌و ماوه‌یه وشكه ساڵی بووه و ساڵ له دوای ساڵ وشكه‌ساڵی زیاتر تینی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه هێناوه و له‌و ماوه‌یه‌شدا گرانی داهاتووه و قاتوقڕی بووه و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا ئیمپراتۆری ئاشووری هه‌ره‌سی هێناوه.
پرۆفیسۆر، "ئاشیش سنها" له زانكۆی ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مه‌ریكا، كه شاره‌زای كه‌شوهه‌وای چاخه دێرینه‌كان بووه و نووسه‌ری توێژینه‌وه‌كه‌یه، ده‌ڵێت: نموونه‌كانی كۆمپیوته‌ر پیشانی ده‌ده‌ن، ئیمپراتۆری ئاشووری كاریگه‌ر بووه به‌و ره‌وشی كه‌شوهه‌وایه‌ی له ئه‌شكه‌وتی كونه‌با به‌دیكراوه و ئه‌و وشكه‌ساڵییه‌ی به‌دیكراوه، هه‌موو ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه و ته‌نیا په‌یوه‌ست نه‌بووه به ناوچه‌یه‌كه‌وه.
ئه‌و زانیارییانه‌ی له مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه له باره‌ی به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ستكه‌وتن، ده‌ریده‌خه‌ن، به‌رهه‌می دانه‌وێڵه تا ئێستاش زۆر هه‌ستیاره به‌رامبه‌ر به ره‌وشی كه‌شوهه‌وا، به تایبه‌تی باران، هه‌ر كاتێك ئاستی باران بارین دابه‌زێت، راسته‌وخۆ به‌رهه‌می دانه‌وێڵه كه‌مده‌كات.
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر