چەندین بازاڕی میللی سەرنجی گەشتیاران رادەكێشن
K24 - ھەولێر
لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، بازاڕێكی میللی بوونی ھەیە و سەرەڕای ئەوەی بەرھەمەكانیان كوالێتییەكی باشی ھەیە، بەڵام نرخیشیان ھەرزانترە لەچاو بازاڕەكانی دیكە، ھەر بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەھۆی ئەوەی خواستێكی زۆر كەوتووەتە سەر ئەو جۆرە بازاڕانە، ژمارەیان زیادیكردووە و تەنیا كار و حەزێكی رۆژانەی دانیشتووانەكە نییە، بەڵكو بوونەتە ئاڕاستەیەكی گەشتیاریی و بەشێوەیەكی بەرچاو رووی تێدەكەن.
بازاڕە میللییەكان لە سەرتاسەری جیھاندا چێژێكی تایبەتی لەلای خەڵك ھەیە، ئەو جۆرە بازاڕانە تەنیا شوێنێك نییە بۆ فرۆشتنی كاڵا بەنزخێكی ھەرزان، بەڵكو تێكەڵەیەكی نێوان رابردوو و ئێستاشە و تایبەتمەندییەكی زۆری كۆمەڵگا و رۆشنبیری وڵاتانی جیھان، ھەروەھا دابونەریت لەخۆدەگرێت، بۆ ئەو مەبەستە تۆڕی بیزنیس ئینسایدەر لە راپۆرتێكیدا كۆنترین و بەناوبانگترینی ئەو بازاڕانە دەخاتەڕوو.
خان خەلیلی میسر
مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بە شێوازە ئاینییەكەی و بنمیچە دارەكانی بەناوبانگە و لەلایەن شا جەركس خەلیلەوە دامەزراوە كە لە شاری خەلیلی فەڵەستینەوە رووی لە میسر كرد، ھەر ئەوەشە وایكرد كە ئەو ناوەی لێبنرێت.
بازاڕی گەورە لە توركیا
لەنێوان ساڵانی 1451 - 1481 لە سەردەمی عوسمەنییەكان دروستكراوە و بەكۆنترین بازاڕی داپۆشراو ھەژماردەكرێت لە جیھاندا و تەنانەت ناوی لێنراە بازاڕە داپۆشراوەكەوە و بووەتە جێیی سەرنجە توركەكان و گەشتیاران بەگشتی.
بازاڕی سوكیجی لە ژاپۆن
بە گەورەترین بازاڕی فرۆشتنی بە كۆی ماسی و خواردنی دەریایی ھەژمار دەكرێت لە جیھاندا و تەنانەت كاریگەرییەكی یەكجار گەورەی لەسە ئابووری ژاپۆن ھەیە و ھەروەھا توانیویەتی ببێتە ناوچەیەكی گەشتیاری بەناوبانگ.
بازاڕی شیشی لە گواتیمالا
بە یەكێك لە بازاڕە ھەرە بە رەنگەكانی میلی دادەنرێت، بەو پێیەی كە پڕیەتی لە كۆشكی رەنگاوڕەنگ و میوە، جگە لەوەی كە دانیشتوانە نێوخۆییەكەی لە گوند و سنوورەكانەوە رووی تێدەكەن و كاری دەستی خۆیان دەخەنەڕوو و كڕیارێكی زۆریان لێكۆدەبێتەوە.
بازاڕی فاس لە مەغریب
بە باشترین بژاردە ھەژماردەكرێت لای ئەو گەشتیارانەی روو لەو وڵاتە دەكەن و بە كۆڵانە بێ كۆتاییەكانی بەناوبانگە، كە تێیدا جۆرەكانی بەھارات و خواردن و كاری دەستی دەفرۆشرێت.
بازاڕی شەوانە لە ھۆنگ كۆنگ
بە گرنگترین شوێن ھەژمار دەكرێت بۆ دەستكەوتنی پۆشاك و پێڵاو و ئیكسسوارات و كاڵای وەرزشی و ئامێری ئەلیكترۆنی ھەرزان بایی، جگە لەوەی كە بۆ ھەڵبژاردنی دیاری تایبەت و خواردنی ژەمە خۆراكی بە چێژ باشترین ھەڵبژاردەیە.
بازاڕی سانتا كاترینا لە ئیسپانیا
لە ساڵی 1845 دروستكراوە و بە ھەرزانترین بازاڕ ھەژمار دەكرێت لە بارسەلۆنا، سەوزە و میوە، گۆشتی سور، ماسی و جۆرەكانی پەنیری تێدا دەفرۆشرێت، جگە لەوەی كە ماركێت و كۆشكی تایبەت بە فرۆشتنی نان و سەموونی تێدایە.
بازاڕی جادووگەران لە بۆلیڤیا
ھەر شتێك كە پەیوەندی بە جادووەوە ھەیە لەو بازاڕە دەستدەكەوێت و جێگرەوەی لە جیھاندا نییە، ھەروەھا ژمارەیەكی زۆری خەڵك پێیانوایە ئەو شتانەی لەو بازاڕە نمایشدەكرێت تەندروستی و خۆشبەختی و سامانێكی زۆر و تەمەنێكی درێژیان بۆ پەیدا دەكات.
سەردانیكردنی ئەو بازاڕانە بووەتە رێگەیەك بۆ كێشكردنی خەڵك و ھەر یەكە و خاوەنی تایبەتمەندییەكی جیاوازە و تەنانەت نرخەكان بە بەراورد بە بازاڕەكانی دیكە زۆر ھەرزانترە ،كە ئەوەش سەرنجی خەڵكی زیاتر راكێشاوە.