ئەمبوڵانسێك لەكاتی گواستنەوەی نەخۆش لە ھەولێر تووشی رووداوی ھاتووچۆ دەبێت

"جگە لە نەخۆش تیمێكی پزیشكی لەناو ئەمبوڵانسەكە بوون"

K24 - ھەولێر

ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ھەولێر ئەمبوڵانسێك لەكاتی گواستنەوەی نەخۆشێك لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك پێكیانداداوە و دواتر نەخۆشەكە بە ئۆتۆمبێلێكی دیكە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە".

زرار عەبدوڵڵا، بەرپرسی شۆفێرەکانی ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ئەو ئەمبوڵانسەی تووشی رووداوی ھاتووچۆ بووە، ئەمڕۆ لە شەقڵاوە نەخۆشی گواستووەتەوە ھەولێر، كە حاڵەتی نەخۆشەكە مەترسیدار بووە، جگە لە نەخۆشەكە پزیشك و كارمەندی دیكە لەناو ئەمبوڵانسەكەدابوون. لە ترافیك لایتی نەخۆشخانەی لە دایكبوونی ھەولێر تووشی رووداوی ھاتووچۆ بووە، لەوكاتە زەنگی ئاگادار كردنەوەشی لێداوە، دەبێ لەو ساتە رێگای بۆ چۆڵ بكرێت، بەڵام ئێمە نازانین پۆلیسی ھاتووچۆ تا چەند كەمتەرخەم بووە، پێویستە ھاتووچۆ خۆیان ئەو ئیجرائاتە بكەن".

گوتیشی: "لە سەرەتای رووداوەكە ھەردوو شوفێر لە بنكەیەكی پۆلیس دەستبەرسەر كراون، بەڵام دوای ماوەیەك شوفێری ئۆتۆمبێلەكە ئازاد كراوە و شوفێری ئەمبوڵانس دەستگیر كراوە، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین ھاوكار و پشتیوانیمان بكەن، چونكە ئێمە گیانی خۆمان دەخەینە مەترسی، كەچی لەكاتی رووداوێكی ھاتووچۆ روودەدات ئێمە تاوانبار دەكرێین، ئەگەر یاساییەك ھەیە بۆ لێخوڕینی ئەمبوڵانس و ئێمە نایزانین با پێمان بدەنم بۆ ئەوەی ئێمەش بزانین خێرای تا چەند لێبخوڕین، ئەگەرنا بەوشێوەیە ناتوانین ئەمبوڵانس لێبخوڕین، ئەگەر شوفێرەكەشمان ئازاد نەكرێت ھەڵوێستی دیكەمان دەبێت".

ھ.م