ئه‌ردۆغان و پوتن پرسى ناوچه‌ى "ئارام" له باكوورى سووريا يه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، له ميانى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ ڤلاديمێر پوتن، سه‌رۆكى رووسيا، كه بڕياره 23ى ئه‌م مانگه له مۆسكۆ به‌ڕێوه‌بچێت، پرسى راگه‌ياندنى ناوچه‌ى "ئارام" له باكوورى سووريا تاوتوێده‌كات.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، هامى ئاكسوى به رۆژنامه‌نووسانى راگه‌ياند، "له رابردوودا بۆ دابينكردنى ئاسايشى په‌نابه‌ران، پێشنيازى ناوچه‌ى ئاراممان كرد، به‌ڵام پێشنيازه‌كه‌مان بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر په‌سند نه‌كرا".
گوتيشى: "له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه رووسييه‌كانمان ئه‌و پرسه تاوتوێ ده‌كه‌ين و سه‌رۆك كۆمارى توركيا و سه‌رۆكى رووسيا له 23ى ئه‌م مانگه‌دا ئه‌و پرسه يه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتى: "رێگه ناده‌ين پرسى كشانه‌وه‌ى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له سووريا بكه‌وێته خزمه‌تى چه‌كداره كورده‌كانه‌وه".
سه‌باره‌ت به ئيدلبيش، گوتى: "ناكرێت به هۆى هه‌راسانى تيرۆريستانه‌وه له ئيدلب، رێككه‌وتنه‌كانى توركيا و رووسيا شكستبهێنن".
پێشتر سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان له چه‌ند بۆنه‌يه‌كى جياوازدا رايگه‌ياندبوو، ئه‌وان ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ هێرشكردنه سه‌ر باكوورى سووريا و له‌ناوبردنى چه‌كداره كورده‌كان، كه ئه‌نقه‌ره به گرووپى "تيرۆريستى" و درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانيان داده‌نێت.
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر