ئه‌مه‌ریكا دوا مۆڵه‌ت ده‌داته توركیا
K24 - هه‌ولێر:
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مۆڵه‌تی دوو هه‌فته‌ی بۆ توركیا دیاری كردووه، تا له كڕینی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی رووسی (ئێس - 400) پاشگه‌ز ببێته‌وه.
كه‌ناڵی CNBC ئه‌مه‌ریكی له سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه "واشنتن داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره كردووه، له رێككه‌وتنی كڕینی سیستمی ئێس - 400ـی رووسی بكشینه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مۆڵه‌تێكی دوو هه‌فته‌ییان دیاری كردووه و گوتوویانه، ئه‌وه دوا مۆڵه‌ته و پێویسته تا كۆتایی ئه‌م مانگه، ده‌ست له كڕینی ئه‌و سیستمه رووسییه هه‌ڵگرن".
سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی: "وڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) پێویستیان به كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ربازییه، كه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی رێكخراوی ناتۆ گونجاو بێت، سیستمی رووسیش له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌رانه یه‌ك ناگرێته‌وه و گونجاو نییه".
سه‌رچاوه‌ی كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكییه‌كه گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر توركیا رێوشوێنه‌كانی گه‌یشتن به سیستمی ئێس - 400 ته‌واو بكات، ئه‌وا رووبه‌ڕووی ده‌رهاوێشته راسته‌قینه نێگه‌تیڤه‌كان ده‌بێته‌وه. یه‌كێك له‌وانه‌ش كه‌نارگیركردنی ئه‌نقه‌ره‌یه له كڕینی فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مه‌ریكی له جۆری (F-35) و ئه‌و خه‌رجیانه‌شی، كه بۆ داواكاریی كڕینی 100 فڕۆكه‌ی له‌و جۆره داویه‌تی و هێشتا فڕۆكه‌كانیشی ده‌ست نه‌كه‌وتووه، له كیسی ده‌چێت. جگه له‌وه‌ش توركیا رووبه‌ڕووی سزای ئه‌مه‌ریكی و وڵاتانی دیكه‌ی ناتۆ ده‌بێته‌وه".
تا ئێستا به‌رپرسانی توركیا سوورن له‌سه‌ر كڕینی سیستمه رووسییه‌كه و هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره له‌و ریككه‌وتنه به‌دی ناكریت.
له دوایین لێدوانی په‌یوه‌ست به‌و پرسه، یاووز سه‌لیم قه‌یران، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتوویه‌تی: "بڕیاری ئه‌نقه‌ره بۆ كڕینی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی ئێس - 400ـی رووسی، بژارده‌یه‌ك نه‌بووه، به‌ڵكو پێویستیی بوو".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ماوه‌ی 10 ساڵ توركیا دانوستانی بێ ئاكامی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا كرد بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی پاتریۆتی ده‌ستكه‌وێت و هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام مانه‌وه".