ياساى وه‌به‌رهێنان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌

په‌رله‌مانتارێك: یاسای نوێ هه‌لیكاری زۆر ده‌ڕه‌خسێنێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەموار دەکرێتەوە، ئەندامێکی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمان دەڵێت, یاساکە بەو شێوە هەموار دەکرێتەوە کێشەکانی پێشوو چارەسەر بکات لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و دەشڵێت: "دوای هەموارکردنی ئەو یاسایه‌، هەلی کار بۆ هەزاران کەس دەڕەخسێنێت".

ئەندامێکی لیژنەی یاسايی لە پەرلەمان باس له‌وه‌ ده‌كات، هەموارکردنەکەی دەکەوێتە خولی پايیزەی پەرلەمان.

یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێشتر بە شێوەيه‌ك پەسەندکرابوو کە یاساکە لە بەرژەوەندی وەبەرهێنه‌رەکان بێت، بە تایبەت وەبەرهێنەره‌ بیانیيەکان و کەمتر لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بووە, هه‌ر بۆیه‌ یەکێك لە كاره‌كانی کابینەی نۆیەم، هەمواری یاسای وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان.

ئەندامێکی لێژنەی یاسايی لە پەرلەمان کەموکورتیيەکانی یاساکە دەخاتەڕوو و رێکارەکانی هەمواری یاساکەش باس دەکات.

یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گرفتی زۆری تێدایە بە تایبەت له‌ بوارى نيشته‌جيكردن كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، زیانمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و كه‌رته‌ بوون, بۆیه‌ ئەم یاسایە لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکانەوە هەموار دەکرێـتەوە كه‌ دوای پەسەندکردنی جگە لە چارەسەری کێشەی وەبەرهێنان، دەبێتە هۆی ره‌خساندنى هەلیکار بۆ هاووڵاتیانى هةريمى كوردستان.

لە دوای ساڵی 2006 وە كةرتى وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان چووە قۆناغێکی دیکەوە بە جۆرێك بەشێك لە وەبەرهێنه‌ران به‌هۆی خراپبه‌كارهێنانی یاساكه‌، گرفتيان بۆ هاووڵاتیان دروستکرد, چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت، به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌، كاره‌كانی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان رێكبخرێته‌وه‌ و هه‌لیكاریش بۆ هاووڵاتیان زیادبكات.

ئ. م