توركیا داوای زیادكردنی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت له عێراق ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
توركیا داوای زیادكردنی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ وڵاته‌كه‌ی له عێراق ده‌كات، هه‌ر بڕیارێكی حكوومه‌تی عێراقیش له‌و باره‌یه‌وه پێویستی به ره‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، چونكه نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق له ڕێگه‌ی بۆڕییه نه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بێت. ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستانیش له لیژنه‌ی وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان داوا ده‌كات، بڕێك له داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌نارده ده‌كرێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق، گفتوگۆ له‌م باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا كراوه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بریارێك له‌و باره‌یه‌وه نه‌دراوه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ئارام باڵه‌كه‌یی، په‌رله‌مانتاری كورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای ده‌كات:، كه ئێستا ڕۆژانه ته‌نها 90 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عێراق ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرێت.
له‌كاتێكیشدا ناردنی نه‌وتی كێلگه‌كانی كه‌ركووك بۆ توركیا له ڕێگه‌ی بۆڕییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بێت, ئه‌مه‌ش جارێكی ديكه هه‌ردوو لایه‌نی حكوومه‌تی عێراق و توركیا ناچار ده‌كات, كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه رێككه‌وتن واژۆ بكه‌ن. له‌م باره‌یه‌شه‌وه رێبوار بابكه‌یی, ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له لیژنه‌ی وزه و سامانه سروشتییه‌كان داوا ده‌كات, برێك له داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌نارده ده‌كرێت, بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكرێت.
دوای سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێران‌دا, توركیا ناتوانێت نه‌وتی ئێران بكڕێت، ناچار به دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه بۆ زیادكردنی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت له ڕێگه‌ی بۆڕییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و باره‌یه‌وه دوا بڕیار بدرێت.
H.B