كانیاوێك لە شەقڵاوە دوای 25 ساڵ دەبوژێتەوە

ئاوەكە لەژێر باڵەخانە مزگەوت ھەڵدەقوڵێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای 25 ساڵ، بەھۆی بارانبارینی زۆر كانی مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە جارێكی دیكە بووژاوەتەوە و ئاوێكی زۆری لەبەر دەڕوات ئەمەش بووەتە ھۆكاری دڵخۆشكردنی دانیشتوانی شەقڵاوە، بەشێك لە ھاووڵاتییان كه‌ سه‌ردانی مزگه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌ن دەڵێن، 25 ساڵ بەر لە ئێستا ئاوی كانییه‌كه‌مان بۆ زۆربەی پێداویستییەكان بەكار دەھێنا، بەڵام ساڵانێكی زۆر بوو وشكبوو و ئێستاش بووژاوەتەوە.

عومەر سلێمان، ھاووڵاتییەكی بەتەمەنی دانیشووی شەقڵاوەیە، ئەو ماوەی 40 ساڵە ھاتووچۆی مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە دەکات چیرۆكی وشكبوونی كانیاوەكەی لە بیرە و دەڵێ، ساڵانێكی زۆر ئەم كانیە تاكە سەرچاوەی ئاوی ماڵان بوو، بەڵام دواتر ئاوەكە كەمیكرد و تا بە یەكجار وشكبوو ئەمەش بووە ھۆكاری نیگەرانبوونی خەڵكەكە و ترس لە سەرھەڵدانی وشكە ساڵی، بەڵام دوای 25 ساڵ جارێكی دیكە بووژاوەتەوە و بووەتە ھۆكاری دڵخۆشی خەڵكی.

سەچاوەی ئاوی كانییەكە لە ژێر باڵەخانەی مزگەوتەكە ھەڵدوقوڵێت. وەك كەسە بە تەمەمەكانی شەقڵاوە دەیگێڕنەوە پێش ئەوەی مزگەوتەكە نۆژەن بكرێتەوە. سێ حەوز لە حەوشەی مزگەوتەكە دروستكرابوون بۆ ئەوەی ئاوی كانییەكە بەفیڕۆ نەڕوات و بەشێكیشی بۆ پێداویستییەكانی رۆژانە بەكاردەھێندرا.

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە لەگەڵ ھاتنی ئیسلام دروستكراوە، لە سەردەمی میر مەحموود بەگ و خێزانەكەی گوڵ عەنبەر جارێكی دیكە نۆژەنكراوەتەوە و رۆژانە سەدان کەس لە گەشتیار و خەڵكی ناوچەكە سەردانی مزگەوتەكە دەكەن. بەھۆی بارانبارینی زۆر ئەمساڵ كانیەكەی بووژانەوە و خەڵكی دڵخۆشكردووە.

ھ.م