یه‌كێتی به فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی راگه‌یاند
K24 - هه‌ولێر:
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی بۆ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار راگه‌یاند و گووتی: "به‌رهه‌م ساڵح نامه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كردووه‌و نامه‌كه‌ی په‌سه‌ندكراوه‌و دواتر له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كراوه‌ته تاكه كاندیدی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئه‌وه‌ی به‌لای سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه مایه‌ی سه‌رسوڕمان بووه داخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانه بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق، چونكه له ماوه‌ی 12 ساڵی رابردوودا یه‌كێتی موماره‌سه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی كردووه‌و له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتن كراوه پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارتی و سه‌رۆككۆمار بۆ یه‌كێتی بێت، هه‌ر چه‌نده راسته كاك مه‌سعوود بارزانی ده‌ستی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كێشاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراونه‌ته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نییه و ئه‌وه‌نده بێ ده‌سه‌ڵات نییه خێری پێبشێت".
له‌باره‌ی هۆشدارییه‌كانی فازڵ میرانی بۆ یه‌كێتی له‌سه‌ر په‌لاماردانی پارتی گووتی: "پێمان سه‌یره ئه‌و قسانه‌ی كردووه چونكه سه‌رۆكی پارتی له سه‌ره‌تای كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن داوای كردبوو بێ ته‌شه‌نوج بانگه‌شه بكرێت".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به ئه‌نجامدانی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ناوده‌برێت، سه‌عدی پیره گووتی: "16ـی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڵه‌ی بچووكی تێدا بووه و له زۆر شوێنیش ئه‌وه روویداوه‌و ناكرێت حكوومه‌تی ئێستا و سه‌ددام وه‌ك یه‌ك ئه‌ژمار بكرێن".