چەكدارانی سەر بە توركیا لە ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان دەكشێتەوە

"سەربازانی رووسیا و توركیا سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكەن"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن، كە میلیشیاكانی سووریای سەر بە توركیا ناسراون، لە رێگەی ئێم فۆری نێوان حەسەكە و حەلەب كشانەوە.

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەكرد، بەرپرسانی رووسیا و توركیا پرۆسەیەكی پشكنینی ھاوبەشیان لەسەر رێگەی ئێم فۆر لەنێوان حەلەب و حەسەكە ئەنجامداوە و پرۆسەكە لە شارۆچكەی عەین عیسا دەستیپێكرد تا شارۆچكەی تل تەمر.

راشیگەیاند، سەربازانی رووسیا و توركیا سەرپەرشتی پرۆسەكەی كشانەوەی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنیان كردووە لە رێگەی ئێم فۆر و ژمارەیەك بنكەشیان دەستنیشان كردووە بۆ دانانی خاڵی چاودێری ھێزەكانی رووسیا و توركیا.

ئاشكراشی كردووە، وێستگەی كارەبای شارۆچكەی مەبرووكای نێوان سەرێكانی و گرێسپی دەستی بە كار كردووەتەوە.