یەکێتی داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگهڵ گۆڕان دەکات
K24- سلێمانی:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە پەیوەندیەکانی ئەو دوولایەنە لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاڵۆزی زۆردا تێپەڕیووە، ھەردوولاش بە پێویستی دەزانن کە بۆ قۆناخی ئێستا پەیوەندیەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان لهمبارهیهوه دەڵێت: ھەردوولا گلەیمان لە یەکتر ھەیە، بەڵام كۆمهڵێك خاڵی هاوبهشیش له نێوانمان ههیه و دەبێت ئەو گلیانە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان ھەردوولا باس بکرێت.
لەماوەی ڕابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی مەرجی ھەبووە، بەڵام دوای ھەڵبژاردنی ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندنی نوێی ئهو بزووتنهوهیه، پێدهچێت بارودۆخەکە جیاوازبێت، پێشڕەو رەئوف، سکرتێری جڤاتی گشتی گۆڕانیش دەڵێت: بۆ بەرەو پێش بردنی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان ئاسایی بکرێتەوە.
ڕۆژی ١٧/٥ /٢٠١٦ ڕێکەوتنی سیاسیی یەکێتی و گۆڕان بە ئامادەبونی کەسی یەکەمی ھەردوولا لە دەباشان واژۆ کرا، ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکەش لە ٢٥ مادە و ١١ بەش پێکھاتووە، جگە لە جێبەجێکردنی یەك و دوو مادە ھیچ یەکێك لە بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێنەکران، ئەمەش ناڕەزایەتی گۆڕانی لێکەوتەوە و دواتر ڕێکەوتنەکەی ھەڵپەسارد.
H.B